چۆن ده‌بیته‌ خاوه‌ن قژێكی ته‌ندروست؟

:: PM:12:20:16/10/2018 ‌
قژ بە تاجی جوانی ناسراوە تەنیا شانەكردن و شۆردنی قژ بەس نییە، بۆ ئەوی ببیت بەخاوەن قژێكی تەندروست و سەرنجڕاكێش. زۆرێك لە خانمان بۆ بەهێزبوونی قژ و گەشەكردنی قژیان تەنیا هانا بۆ ئارایشگاكان دەبەن، ئەمە دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی بڕە پارەیەكی زۆر و لەهەمان كاتدا چەندان زیان و كاریگەری لاوەكی لە داهاتوودا دروست دەكات.

ئارایشگا تاكە شوێن نییە بۆ بەهێزبوونی قژ و بریقەداركردن و جوانكردنی، بەڵكوو تەنیا ئەو خۆراكانەی لە ماڵەكەتدا هەیە، دەتوانێت چەندان گرفتی قژ چارەسەر بكات و بتكات بەخاوەن قژێكی تەندروست. خواردنی دروست وا دەكات بڕێكی زۆر پێكهاتەی خۆراكی گرنگ بە لەش بگات، بەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی تاڵەكانی قژ و خێرا گەشەكردنی.

زۆر خۆراك هەن كە تەندروستی قژ باشتر دەكەن، ئەمانە هەندێكن لەو خۆراكانەی كە بۆ قژ پێویستن.

یەكەم: گێزەر، ڕێژەیەكی زۆر ڤیتامین A تێدایە قژ بە دروستی دەهیڵێتەوە.پێستی سەر ڕۆنێك بەرهەم دەهێنێت بەناوی سەبووم ئەم ڕۆنە گرنكە بۆ هێشتنەوەی قژ لە مادەی كیمیایی و پاراستنی لە پێكهاتە زیان بەخشەكان. سەبووم پێستی سەر بە شێداری دەهێڵێتەوە و ئەم ڤیتامینە یارمەتی هێشتنەوەی ئەم رۆنە دەدات.

دووەم: سپێناخ، خۆراكێكی نایابە پڕە لە كانزا و ڤیتامین كە گرنگە بۆ تەندروستی قژ. بڕێكی زۆر ئاسن، كالیسیۆم، ترشی چەوری، پۆتاسیۆمی تێدایە كە پێویستن بۆ بەهێزبوونی قژ و گەشەكردنی قژ. دەبێ سپێناخ زۆر نەكوڵێنرێت، بۆ ئەوی پێكهاتەكانی لەناو نەچن.

سێیەم: گۆشتی سوور، سەرچاوەیەكی نایابی ئاسن و زینكە. ئەم دوو كانزایە یارمەتی گەشەكردنی قژ دەدات و قژ بەهێز دەكات و رێ لە هەڵوەرین دەگرێت، پسپۆرەكانی پێست ئەوەیان دەستنیشان كردووە كە پێویستە هەفتەی دووجار گۆشتی سور بخورێت، بۆ ئەوەی بڕێكی دیاریكراو زینك بە لەش بگات.

چوارەم: شۆفان، یەكێكە لەو خواردنە دروستانەی كە پێویستە رۆژانە بخورێت. زۆر پێكهاتەی گرنگ هەیە لە شۆفاندا كە یارمەتی گەشەكردنی قژ دەدات. وەكو مس، ڤیتامین B، پرۆتین، زینك، ئەگەر شۆفان لە ژەمەكاندا بەكاربهێنرێت، ئەوا یارمەتی بەهێزبوون و بریقەداربوونی قژ دەدات.

پێنجەم: ماسی سەلەموون، ئەم جۆرە ماسییە بڕێكی زۆر ترشی چەوری تێدایە كە پێویستە بۆ تەندروستی قژ و پێستی سەر. ڕێ لە برینداربوونی فۆلیكەڵەكانی قژ دەگرێت و بەرگێكی پارێزەر دروست دەكات، بەمەش ڕێ لە شكانی قژ دەگرێت. ئەم ترشە چەورییە یارمەتی شێداربوونەوەی قژ دەدات و ڕێ لە وشكبوونەوەی قژ دەگرێت .

شەشەم: بەزالیای سەوز، بڕێكی زۆر ڤیتامین C تێدایە لەگەڵ بێتاكارۆتین و پرۆتین كە پیۆیستە بۆ قژ، بەزالیا دەتوانرێت لە هەمو جۆرە خۆراكێكدا بەكاربهێنرێت و پێكهاتە خۆراكییەكەی گۆڕانی بەسەردا نایەت.


وشە - ئاوات ئازاد