ڤیدیۆ.. شوێنی ئەو سەوزەیەی بە پاشەڕۆی ماڵان ئاو دەدرا تێكدرا

:: PM:03:19:16/10/2018 ‌
قایمقامییەتی هەولێر ئاشكرای دەكات ئەو شوێنەی بە ئاوی قوڕس بڕێك سەوزەی بەرهەم دەهێنا شۆفڵی لێدار و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ خاوەن شوێنەكە دەكرێت و ئامێرەكانیشی دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، ئەو شوێنەی كە بەرهەمی توور و سڵق و بەرهەمەكانی سەوزایی لێ‌ بەرهەم دەهێنرا كە بە ئاوی قوڕس یان پاشماوەی مرۆڤ ئاو دەدرا تێكدراوە.

قایمقامییەتی هەولێر دەڵێت، ئەو شوێنە تێكدرا و كەسەكەیش گیرا، هاوكات ئامێرەكانیش دەستی بەسەردا گیراوە.

لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا هۆگر گەڵاڵی گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگەی هەولێریش دەردەكەوێت و بە خاوەن شوێنەكە دەڵێت، ئەوە ویژدانە بە ئاوی پیس شت بە خەڵك بدەیت.

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو گرتە ڤیدیۆیەك بڵاو كرایەوە كە ئۆتۆمبێلێك بە پاشماوەی ئاوی قورس لە شوێنێكی بەرهەمهێنانی سەوزە پاشماوەی دەڕێژێت بەهاوكاری خاوەن شوێنەكە ئەوەیش كاردانەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێكەوتەوە.




وشە - رامیار جەواد