پێوەندییە تەلەفۆنیەكەی شا سەلمان لەگەڵ ترەمپ سعوودیە لە دۆسیەی خاشقچی رزگار دەكات؟

:: PM:04:57:16/10/2018 ‌

پێوەندییەكی تەلەفۆنی تەواوی ئاراستەی كوژرانی جەمال خاشقچی دەگۆڕێت، سعوودیەیش هەموو هەوڵێك دەدات بۆ رزگاركردنی محەمەد بن سەلمان لەو دۆسیەیە، سەرۆكی ئەمەریكایش بایەخ بە گرێبەستە 110 ملیار دۆلارەكەی دەدات، هاوكات توركیا لە هەوڵی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیدایە لەگەڵ ریاز، خانەوادەی خاشقچیش داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی نێودەوڵەتی سەربەخۆ و بێلایەن دەكەن لە كوژرانی.

ترەمپ سەركەتوو دەبێت لە سزا نەدانی سعوودیە؟
پێوەندییەكی تەلەفۆنی شا سەلمان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ئاوێكی ساردی بەسەر هەڵمەتی میدیایی دژ بە دۆسیەی بزر بوونی خاشقچی دا كرد كە لێكەوتەی ئابووری بەسەر سعوودیە هێنا، بەتایبەت دوای هەڕەشەكانی سەپاندنی سزای ئابووری لەلایەن ئیدارەی كۆشكی سپی بەسەر ئەو وڵاتە ئەگەر سەلمێنرا خاشقچی لەناو كونسڵخانەی سعوودیە لە توركیا كوژراوە.
گوشارەكانی سەر عەرەبستانی سعوودیە كە بە هەڵمەتێكی میدیایی نێودەوڵەتی دەستی پێ كرد، وڵاتانی ئەڵمانیا و فڕەنسا و بەریتانیاش هاتنە دەنگ و داوایان لە دەسەڵاتدارانی سعوودیە كرد كە چارەنووسی نووسەر و رۆژنامەنووس خاشقچی دەستنیشان بكات، بەڵام دوا تویتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دۆخەكەی هێور كردەوە كاتێك ئاماژەی بە پێوەندییەكی تەلەفۆنی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای عەرەبستانی سعوودیە كرد، باسی لەوەكرد، رەنگە كەسانێك لە پشتەوەی كوشتنی خاشقچی هەبن.

شا سەلمان لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا رەتی كردەوە ئاگاداری چارەنووسی خاشقچی هەبێت، ئەوەشی خستەڕوو چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكات كە تیمێكی سعوودی لەگەڵ تیمێكی توركی سەرقاڵی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەكەن و دوێنێ دووشەم 15ی ئۆكتۆبەر، رێگەیان پێدرا بچنە ناو كونسڵخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ.

دۆناڵد ترەمپ لە زاری شا سەلمان گواستیەوە كە شای عەرەبستانی سعوودیە پێ گوتووە بێ ئاگایە لە چارەنووسی خاشقچی، بۆ ئەمەیش مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا شەوی رابردوو سەردانی سعوودیەی كرد، هاوكات شا سەلمانیش داواكاری گشتی وڵاتەكەی راسپارد كە لێكۆڵینەوەیەكی ناوخۆیی بكات لەسەر ئەو زانیارییانەی تیمی هاوبەشی سعوودی و توركی لە ئیستانبول لەكاتی پشكنینی كونسڵخانە پێی گەیشتوون، گوتی" ئەمەریكا نایەوێت گرێبەستی كڕینی چەك بە بەهای 110 ملیار دۆلار لە دەست بدات".

ئەمڕۆ سێشەم 16ی ئۆكتۆبەر، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز شای عەرەبستانی سعوودیە ماوەی 20 خولەك كۆبووەوە، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەیش دۆسیەی خاشقچی بوو كە ماوەی دوو هەفتەیە بێ سەروشوێنە.

هاوكات پۆمپیۆ لەگەڵ عادل جەبیر وەزیری دەرەوەی سعوودیە كۆ بووەوە، لای خۆشیەوە دۆناڵد ترەمپ ئاشكرای كرد بەگوێرەی هەندێك راپۆرتی میدیایی ریاز ئامادەیە ددان بە كوشتنی خاشقچی بنێت، بەڵام كوشتنێكی بە هەڵە، لەو كاتەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە بە كونسڵخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ، گوتی "بەڵام نازانم ئەو راپۆرتە فەرمییە یان نا".

سعوودیە دەتوانێت محەمەد بن سەلمان رزگار بكات؟
رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردەوە كە ریاز دەیەوێت بە هەر نرخێك میر محەمەد بن سەلمانی جێنشین لە دۆسیەی كوشتنی خاشقچی دەربهێنێت و بەرپرسیاریەتییەكە بخاتە ئەستۆی هەواڵگری وڵاتەكەی.

بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان محەمەد بن سەلمان بڕیاری كوشتنی خاشقچی داوە، بەڵام عەرەبستانی سعوودی لە هەوڵی ئەوە دایە تۆمەتەكە بخاتە ئەستۆی بەرپرسی هەواڵگری وڵاتەكەی و لە ئەستۆی كوڕەكەی شا دەری بێنێت.

هاوكات رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێكیدا ئاشكرای دەكات كە ئەو زانیارییانەی دەست هەواڵگری ئەمەریكی كەوتووە دەری دەخات كە محەمەد بن سەلمان بڕیاری لەسەر كوشتنی جەمال خاشقچی داوە نەك بە هەڵە كوژرا بێت لە كاتی لێكۆڵینەوەدا.

رۆژنامەكە دەڵێ، ئەگەر سەلمێنرا و سعوودیە دانی بەوەدانا كە خاشقچییان كوشتووە دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، بەڵام پێدەچێ دۆناڵد ترەمپ پێوەندییەكانی لەگەڵ سعوودیە تێك نەدات و هانی دان كە دان بە كوشتنی خاشقچی بنێن كە بە هەڵە كوژراوە.

بەڵام كریس ڤان هوڵن سیناتۆری ئەمەریكی دەڵێ، هیچ گومان نەماوەتەوە كە خاشقچی كوژراوە، بڕیاری كوشتنەكەشی لە سەرەوەی دەسەڵاتی هەڕەمی عەرەبستانی سعوودیە دەرچووە و پێویستە لەسەر واشنتن بەرگری لە هاوبەشەكەی نەكات لەو تاوانەی ئەنجامی داوە.
 
ئەردۆغان دەیەوێت وەبەرهێنان بە خاشقچی بكات
هێور كردنەوەی دۆخەكە لەلایەن ئەمەریكا، لە كاتێكدایە بەرپرسێكی باڵای تورك دەڵێ، لێكۆڵەرانی تورك لەو كاتەی كونسڵخانەی سعوودیەیان لە ئیستانبوڵ پشكنیوە بەڵگەی پێویستیان دۆزیوەتەوە كە خاشقچی كوژراوە، گوتی "تیمە توركەكە ماوەی نۆ سەعات كونسڵخانەیان پشكنیوە".

قسەی بەرپرسە توركەكە لە كاتێكدایە لە دوێنێوە زانیاری لەسەر ئەوە بڵاوكراوەتەوە كە عەرەبستانی سعوودیە لە هەوڵی نووسینەوەی راپۆرتێكە لە بارەی دداننان بە كوشتنی خاشقچی بە شێوەیەكی هەڵە لەو كاتەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە لەناو كونسڵخانە.

بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان، راپۆرتەكە لە نووسینەوە دایە و ئەگەری هەیە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، رەنگە بەو ئاراستەیە بگۆڕدرێت كە ئەوانەی خاشقچیان كوشتووە، مۆڵەتی كوشتنیان وەرنەگرتووە.

پێش لێكۆڵینەوەی تیمە توركەكە، شا سەلمان پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكات، لە دوای ئەو پێوەندییە تەلەفۆنیەیش هەڵمەتی میدیایی توركیا لەسەر ئەو پرسە هێور دەبێتەوە، سەرۆكی توركیاش لەوە تێدەگات كە هێور كردنەوەی گوشارەكە دەرفەتێكە بۆ ئاسایی كردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ سعوودیە كە لەسەر چەند پرسێكی هەرێمایەتی ناكۆكن.

ئەردۆغان پاش پێوەندییە تەلەفۆنیەكە، لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، توركیا و سعوودیە پێوەندییەكی باشیان هەیە و ئەنقەڕەیش ویستی باشتر كردنی ئەو پێوەندییەی هەیە.
 

ئەوروپایش هەڵوێستی دەگۆڕدرێت؟ 
دوای هەڕەشەكانی ئەمەریكا، هەریەكە لە ئەڵمانیا و بەریتانیا و فڕەنسا داوایان كرد كە لێكۆڵینەوەیەكی ددان پێدانراو لە دۆسیەتی خاشقچی بكرێت.

هەر سێ وڵاتە ئەوروپییەكە لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا دووپاتیان لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی باوەڕ پێكراو كردەوە كە تەواوی راستییەكە ئاشكرا بكات و ئەو كەسەیشی خاشقچی كوشتووە ئاشكرا بكرێت، دەڵێن پێویستە سعوودیە و توركیا هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ پێوەند بەو دۆسییە.

بەڵام دوای گۆڕانكاری لە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، دیار نییە وڵاتانی ئەوروپایش هەڵوێستی خۆیان دەگۆڕن یان باوەڕ بەو لێكۆڵینەوەیە دەكەن كە لە میدیاكاندا وەك سیناریۆیەكی ئامادە كراو قسەی لەسەر دەكرێت.

گوشاری میدیایی هەڕەشە لە ئابووری سعوودیە دەكات.. ریال داتەپی
سعوودیە ئامادەكاری دەكات بۆ پێشوازی لە كۆنگرەی داڤوس لە بیابان، بۆ ئەمەیش سەتان كۆمپانیای زەبەلاحی ئەمەریكی و ئەوروپی بەشداری تێدا دەكەن، بەڵام دۆسیەی كوژرانی خاشقچی كاریگەری نەرێنی لەسەر كۆنگرەكە دروست كردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی میدیای ئەمەریكی هەڵمەتێكی بەرفراوانی لەسەر كوژرانی خاشقچی دژ بە سعوودیە بەرپا كرد و رای گشتی نێودەوڵەتی لەسەر بەدەنگ هێنا.

جیمی دیمون بەڕێوەبەری جێبەجێكاری لە كۆمپانیای جی پی مۆرگان رەتی كردەوە بەشداری لە كۆنگرەكە بكات، هاوكات بێل فۆڕد سەرۆكی كۆمپانیای فۆڕد مۆتۆڕز پلان دادەنێت بەشداری لە كۆنگرەكە نەكات، ئەمەیش گوشار دەخاتە سەر كۆمپانیاكانی تری وەك گۆڵدن ساكس و ماستەر كارد و بانك ئۆف ئەمەریكا كە پێداچوونەوە بە پلانەكانیان بكەن لە بارەی بەشداریان لە كۆنگرەكە.

هەر پێوەند بە دۆسیەی خاشقچی، بەگوێرەی میدیاكان بێت بەهای ریاڵی سعوودی بەرانبەر بە دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە دیوە كە لە ساڵی 2017ەوە بەمجۆرە بەرانبەر بە دۆلار دانەبەزیوە، تەنانەت دۆسیەی خاشقچی كاریگەری لەسەر دڵنیایی لەسەر قەرزی سەروەری سعوودیەش زیاد كردووە.

هەموو ئەو لێكەوتە ئابوورییانەی دۆسیەی خاشقچی میدیای نێودەوڵەتی دروستی كردن، ئەمەیش وێنای سعوودیەی وەها نیشاندا كە وڵاتێكی خاوەن ئابووری لەرزۆكە لەسەر ئاستی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، بەڵام دیپلۆماتكارە رۆژئاواییەكان پێیان وایە ئەو دۆسیە كاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری سعوودیە نابێت بەهۆی ئەو پێگە جیۆسیاسی و ئابوورییە بەهێزەی هەیەتی كە رۆڵێكی بەهێز و كاریگەری پێدەدات لەسەر هاوكێشەی نێودەوڵەتی.

هەر پێوەند بەو دۆسییە، بەهای نەوت بەرز بووەوە و نرخی یەك بەرمیل نەوت 81 دۆلاری تێپەڕاند، سیس فرانتزمان بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ شیكردنەوە دەڵێ گرنگی پێگەی ستراتیژی سعوودیە بۆ ئەمەریكا لە ناوچەكەدا بەتایبەت لە رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئێران، وایكردووە هێزێكی زۆری بداتە سعوودیە، چونكە ئەو وڵاتە بەشێكە لە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ئەمەریكا و ئیماڕات، ئیدارەی ئێستەی ئەمەریكاش سیاسەتێكی توند دژ بە ئێران دەیگرێتەبەر.
گوتی "جیاوازی هەیە لە تێگەیشتن لە قورسایی ستراتیژی سعوودیە لەنێوان چینی دەسەڵاتدارانی دنیا، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئابووری، كە دەكەونە ژێر گوشاری گەورە تا ناچار بن هەڵوێستێكی لایەنگیری بۆ سعوودیە دەرببڕن".

خانەوادەی خاشقچی بەدەنگ هاتن
دوای دوو هەفتە لە دیار نەمان و كوژرانی خاشقچی، خانەوادەكەی ئەمڕۆ سێشەم 16ی ئۆكتۆبەر یەكەم بەیاننامەیان بڵاو كردەوە، داوا دەكەن كە لیژنەیەكی نێودەوڵەتی سەربەخۆ و بێلایەن لێكۆڵینەوە لە كوژرانی جەمال خاشقیچ بكات. دەڵێن "ئێمە بە دڵگرانی و نیگەرانییەوە چاودێری دۆخەكە دەكەین و گوێ لە هەواڵە جیاوازەكان دەگرین لە بارەی كوژرانی جەمال خاشقچی".
خانەوادەی خاشقچی ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەو بەرپرسیاریەتە ئەخڵافی و یاساییە بەهێزەی باوكمان لەسەر ئێمەی داناوە ناچارمان دەدات داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی نێودەوڵەتی و سەربەخۆی بێلایەن بكەین بۆ لێكۆڵینەوە لە رەوشی مردنی خاشقچی.



وشە - فه‌رمان سادق