هه‌ڵۆ شێركۆ بێكه‌س له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆیی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوی كردووه‌ته‌وه كه كاركردن له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مه‌زاری شاعیری گه‌وره‌ی كورد، "شێركۆ بێكه‌س" ده‌ستی پێ كردووه و بڕیاره له‌ماوه‌ی كه‌متر له دوو مانگدا كاره‌كانی ته‌واو ببێت.
هه‌ڵۆ شێركۆ بێكه‌س له‌باره‌ی نۆژه‌نكردنه‌كه‌وه نووسیویه‌تی: " له‌م نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌دا دیواره‌كه‌ی پشته‌وه و چیمه‌نه‌كه‌ی ڕێك ده‌كرێنه‌وه و كورسی و ڕووناكی زیاتری بۆ داده‌نرێت و باخ و گوڵه‌كانی ده‌ورووبه‌ری چاك ده‌كرێن، له‌گه‌ڵ دانانی كامێرای چاودێری پێویست، دیواره‌كه‌ی تریش كه به هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌وه خشته‌كانی تێكچووبوو چاكده‌كرێته‌وه.
شێركۆ بێكه‌س شاعیر و ڕووناكبیرێكی گه‌وره‌ی كورده، كوڕی شاعیری ناوداری كورد بێكه‌سی شاعیره، له ساڵی ١٩٤٠ له شاری سلێمانی له‌دایكبووه، له ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا یه‌كه‌مین شیعری بڵاوكردووه‌ته‌وه، له ساڵی 1968 یه‌كه‌مین كتێبی شیعری به ناوی "تریفه‌ی ھه‌ڵبه‌ست" له به‌غدا به چاپ گه‌یاند، ساڵی 1969 هاوسه‌رگیریی كردووه، ساڵی 1987 له سوید "خه‌ڵاتی تۆخۆڵسكی" پێبه‌خشراوه، له ساڵی 1992 گه‌ڕایه‌وه كوردستان، و له‌وساڵه‌دا كرایه وه‌زیری ڕۆشنبیری یه‌كه‌م كابینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
شێركۆ بێكه‌س شاعیرێكی نوێخوازی كورد بووه، چه‌ندان نامیلكه و دیوانی شیعریی هه‌یه، ناوه‌رۆكی شیعره‌كانی باس له سروشت و نیشتمان و ژن و خاك و خۆشه‌ویستی ده‌كات، شیعره‌كانی بۆ چه‌ندان زمانی جیھانی وه‌رگێڕدراون، له ساڵی 1998 له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی "ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م"یان دامه‌زراند، ئه‌ندامی ئه‌نته‌لۆجیای خوێندنی پۆله‌كانی ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا بووه، ڕۆژی چواری ئابی ساڵی 2013 له ستۆكھۆڵمی پایته‌خی سوید به‌ھۆی شێرپه‌نجه‌وه كۆچی دوای كرد و له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له پاركی ئازادی له سلێمانی به‌خاكسپێردرا.