رێژەی كوشتنی بە مەبەست لە دەڤەری راپەڕین زیادی كردووە

:: PM:10:50:16/10/2018 ‌

لە ساڵی 2018 لە بەشێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان سەدان هاووڵاتی بە مەبەست و بەهۆی كێشە جۆراوجۆرەكان كۆتایی بە ژیانیان هێنراوە، بەڵام لە دەڤەری راپەڕین رۆژ بەڕۆژ ئەو دیاردەیە روو لە زیادبوونە، بەپێی قسەكانی گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین رێژەی كوشتنی بە مەبەست لە دەڤەرەكەیان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر زیادی كردووە.

شۆرش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی راگەیاند، ‌لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ 17 رووداوی كوشتنی بە مەبەست روویان داوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە  لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو تەنیا شەش رووداوی كوشتنی بە مەبەست هەبوو، واتە 11 حاڵەت زیادی كردووە، ئەمەیش رێژەیەكی زۆرە و تا كۆتای ساڵیش رێژەكەی بەرزتر دەبێتەوە.

 گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین ئاماژە بەوە دەكات كە هۆكاری زۆرینەی رووداوەكان كێشەی كۆمەڵایەتی بووە، هەروەها زۆربەی تۆمەتبارەكانیش گیراون. دووپاتی كردەوە ، یەكلاكردنەوەی كێشەكان لە دەرەوەی دادگا و یاسا كاری ئێمەی گرانتر كردووە، بۆیە پێویستە خەڵك ئەو راستییە بزانن كە تۆڵەسەندنەوە لە یەكتر لە دادگا دەكرێت نەوەك بە رێگای عەشایەری، چونكە ئەوكات گرفتەكان گەورە تر دەبن و چارەسەرەكان قوڕستر دەبن.

شایەنی باسە ئەوەی ئاماری كوشتنی بە مەبەستی لە دەڤەری راپەرین‌ زیاتر بەرز كردووەتەوە، رووداوێكی كۆمەڵایەتی بوو لە گوندی (كڵاوسوران) ی سەر بە سنووری پشدەر، كە لەكاتی رووبەرووبوونەوەی نێوانیان دوو بنەماڵە، هەشت كەسیان لە یەكتر كوشت، جیا لە  گوندی (مەمكان) كە لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا كەسێكی تر كوژرا.

ڕاپەڕین/ شادان بەكر



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل