هێزی ئێران بە فەرمی هاتە ناو عێراق.. ڕێیە سەرەكییەكانیان كۆنتڕۆڵ كردووە

:: AM:10:46:17/10/2018 ‌
بەرپرسانی عێراق ئاشكرایان كرد، تیمێكی گەورەی تەناهیی ئێران بۆ یەكەمجار بە فەرمی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ئاینی شیعەكان دەكەن، بۆ ئەوەی شاری كەربەلا بپارێزن، دوای ئەوەی ژمارەیەكی یەكجار زۆری هاووڵاتییانی ئێران وەك سەردانكەری ئاینی ڕوویان لە كەربەلا كردووە.

بەرپرسانی عێراق دووپات لەوە دەكەنەوە، كە پۆلیسی ئێران بە فەرمی هاتووەتە ناو خاكی عێراق، ئەمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا بووە، بۆ ئەوەی ڕێی گەیشتنی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ كەربەلا بپارێزن و ڕێ لە هەر كردەیەكی تیرۆریستی بگرن، جیا لەوەیش هەلیكۆپتەری ئێرانی لە سنوورەوە چاودێری هاووڵاتییانی ئێرانی دەكات و ڕێوشوێنی تەناهی چڕ گیراوەتەبەر.

بەرپرسێكی باڵای عێراق بۆ ڕۆژنامەی "العربی الجدید" ئاشكرای كرد، وەزیری ناوخۆ قاسم ئەعرەجی لە دوا سەردانی بۆ تاران، ڕێككەوتنێكی هاریكاری هەواڵگری و سەربازی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران واژوو كردووە، بۆ دڵنیایی بەخشین و پاراستنی سەردانكەرانی مەزارەگە ئاینییەكانی شیعە لە نەجەف و كەربەلا، هەرچەندە هێزەكانی عێراق توانای تەواویان هەیە سەرجەم هاووڵاتییان بپارێزن، بەڵام كۆماری ئیسلامیی ئێران سوور بووە و ویستی ئەوە بووە كە هێزی ئێرانیش بێنە عێراق و هاووڵاتییانیان بپارێزن.

ئاماژەی داوە، هێزی ئێرانی لەسەر ڕێی وشكایی لە سنووری عێراق و ئێرانەوە تا كەربەلا و نەجەف بڵاوەیان پێ كراوە و چاودێری سەردانكەران دەكەن كە دەچنە ئەو دوو شارە بۆ بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ئاینی شیعەكان، واتە ئەو دەستوەردانە تەناهییە تەنیا ڕێیە سەرەكییەكانی گەیشتن بە نەجەف و كەربەلای گرتووەتەوە لە سنووری ئێرانەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو هێزەكانی عێراق بە چڕی دەستیان بە بڵاوبوونەوە كردووە، بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەن بۆ یادی چلەی ئیمام حوسێنی كوڕی ئیمام عەلی، كە بە ملیۆنان هاووڵاتی ئێران ڕوو لە كەربەلا دەكەن و بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە دەكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د