ژنێكی كورد كه ئێسته دانیشتووی به‌ریتانیایه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تووشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بوو، هه‌ردوو مه‌مكی له‌كاتی جیاوازدا بڕانه‌وه، به‌ڵام له‌و خه‌مه قورس‌تر بۆ "خاتوون" ئه‌وه‌یه كه هاوسه‌ره‌كه‌ی وێڕای بێ رێزیكردن پێی، لێی جیا ده‌بێته‌وه. ئه‌و ژنه ئێسته له‌گه‌ڵ دوو منداڵه‌كه‌ی ده‌ژی، به‌گوته‌ی خۆی "ده‌روونی به‌و بێ ڕێزییه‌ی به‌رانبه‌ری كراوه، برینداره".
خاتوون یه‌كێكه له‌و ژنانه‌ی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه تووشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بووه و به‌هۆیه‌وه هه‌ردوو مه‌مكی بڕاونه‌ته‌وه، پزیشكه‌كان پێیان گوتووه، نه‌خۆشییه‌كه‌ی له‌ژێر كۆنترۆڵدایه و ڕێ له ته‌شه‌نه‌ی گیراوه و چاره‌سه‌ری به‌رده‌وام وه‌رده‌گرێت.
خاتوون چیرۆكی نه‌خۆشییه‌كه‌ی بۆ "وشه" باس ده‌كات و به وره‌ی به‌رزه‌وه ده‌ڵێت، ناوی نه‌خۆشیی شیرپه‌نجه زۆر گه‌وره‌تره له لێكردنه‌وه‌ی ئه‌ندامێكی جه‌سته، به‌ڵام ئه‌مانه هه‌مووی كۆتایی دنیا نین و شه‌ڕی مانه‌وه ده‌كه‌یت له ژیاندا.
زیاتر گوتی، سه‌ره‌تا كه زانیم ئه‌و نه‌خۆشییه‌م هه‌یه، زۆر بێ وره بووم و بڕیارم دا چاره‌سه‌ر وه‌رنه‌گرم، چونكه منیش وامده‌زانی شێرپه‌نجه یه‌كسانه به مردن، به‌ڵام كاتێك دوو منداڵه‌كه‌م بینی چه‌نده به‌توندی پاڵنه‌رمن تا به‌رده‌وام بم له ژیان، بڕیارم دا له‌به‌ر خاتری ئه‌وان چاره‌سه‌ر وه‌ربگرم، كاتێك كه‌وتمه وه‌رگرتنی ده‌رمانی كیمیایی، حاڵم هێنده خراپ بوو زۆرجار مه‌رگم به‌چاوی خۆم ده‌بینی، به‌ڵام سه‌یروسه‌مه‌ره‌یی ژیان لێره‌دا ده‌ركه‌وت، چونكه ئه‌و ئازارانه چه‌نده قورس‌تر ده‌بوون، ژیان و مانه‌وه له ژیان هێنده شیرین‌تر ده‌بوو.
ئه‌وكاته‌ی پزیشك به خاتوون ده‌ڵێ ده‌بێت مه‌مكت ببڕینه‌وه، خاتوون له‌گه‌ڵ قورسی بڕیاره‌كه‌ی، ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی گه‌وره‌یش ده‌بێته‌وه، وه‌ك خۆی گوتی، "بۆ من بڕیارێكی قورس بوو، به‌ڵام قورس‌تر قسه‌كانی باوكی منداڵه‌كانم بوو كه پێی گوتم، جا خۆ بمری باشتره له‌وه‌ی مه‌مكت نه‌بێ، جا ژن مه‌مكی نه‌بێت كوا ژنه!. ئه‌و گوتانه‌ی ئه‌و بۆ من قورس‌تر بوون له هه‌ر ئازارێك، به‌ڵام باوه‌شی منداڵه‌كانم شیرین‌تر بوو له هه‌موو شتێك، بۆیه هه‌موو شتێكم فه‌رامۆش كرد و نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌م ئه‌نجام دا."
خاتوون بڕیاری جه‌نگ ده‌دات له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كه‌ی به‌وه‌ی هه‌ر جۆره چاره‌سه‌رێك پێویسته ئه‌نجامی ده‌دات، بۆیه به هاوكاری ماڵی باوكی خۆی ده‌گه‌یه‌نێته به‌ریتانیا. ئه‌و پێداگری له‌وه ده‌كات كه له كوردستانیش زۆربه‌ی چاره‌سه‌رییه‌كان هه‌ن، به‌ڵام خۆی له قۆناغێكی مه‌ترسیداردا به نه‌خۆشییه‌كه‌ی زانیوه و هه‌روه‌ها باری ئابووریشی باش بووه، بۆیه به‌هاوكاری ماڵی باوكی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی و هاوسه‌ری پێشووی گه‌شت ده‌كه‌ن، له‌وێ ده‌ست به وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر ده‌كات.
نه‌خۆشییه‌كه‌ی به چاره‌سه‌ر به‌كۆتا ناگات، دوای ماوه‌یه‌ك پزیشكه‌كان بڕیاری بڕینه‌وه‌ی مه‌مكه‌كه‌ی تریشی ده‌ده‌ن، له‌وكاته‌دا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی گه‌وره‌تر ده‌بێت، به‌پێی قسه‌ی خاتوون بێت، له‌وكاته‌دا هاوسه‌ره‌كه‌ی پێی گوتووه بمری باشتره، مه‌مكت نه‌بێت لێت جیا ده‌بمه‌وه و قسه‌ی تاڵی پێ گوتم و رۆیی.
"منیش ته‌نیا له‌به‌ر منداڵه‌كانم، به‌رگه‌ی ئازاره‌كانم گرت و نه‌شته‌رگه‌ریی دووه‌میش ئه‌نجام درا و خۆم له مه‌ترسییه گه‌وره‌كه رزگار كرد" خاتوون وای گوت.
دوای چه‌ند مانگێك هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌وكاته‌ی هاته‌وه هه‌رچی قورسی نه‌خۆشییه‌كه‌یه تێی په‌ڕاندبوو، له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی كه ته‌مه‌نیان 15 و 17 ساڵه له وڵاتێكی گه‌وره به‌بێ كه‌سی و چه‌ند هه‌فته له نه‌خۆشخانه مانه‌وه. باوكیان گه‌ڕایه‌وه و گوتی ژن ده‌هێنێت. خاتوونیش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت، "كه‌واته من ته‌ڵاقت ده‌ده‌م، تۆ شیاوی ئه‌وه نیت نه باوكی ئه‌و دوو منداڵه بیت و نه هاوسه‌ری من، چونكه تۆ پیاوی ڕۆژی ته‌نگانه و ڕۆژی قورس نیت، بۆیه چیت هه‌یه بیبه و خوات له‌گه‌ڵ."
خاتوون ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، پێش ئه‌وه‌ی مێرده‌كه‌ی پێی بڵێ لێی جیا ده‌بێته‌وه، خۆی پێی گوتووه لێی جیا ده‌بێته‌وه، چونكه ئاماده نه‌بووه له ژێر چه‌تری پیاوێكدا بێت كه سووكایه‌تی پێ كردووه و ده‌یه‌وێ ژنیشی به‌سه‌ردا بهێنێت.
ئه‌و پێی وایه، كاتێ ژنێك تووشی نه‌خۆشییه‌كی قورس ده‌بێت، پێویسته هاوسه‌ره‌كه‌ی له هه‌موو كه‌س زیاتر له پشتی بێت و وره‌ی به‌رز بكاته‌وه، چونكه گرنگترین قۆناغ له كاتی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر له شێرپه‌نجه‌دا، لایه‌نی ده‌روونیی كه‌سه‌كه‌یه.
خاتوون ئامۆژگاری ژنان ده‌كات كه خۆڕاگر بن و به‌رانبه‌ر هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كان بوه‌ستن، ئه‌گه‌ر پێویستی كرد مه‌مكیان ببڕێته‌وه، قبووڵی بكه‌ن، چونكه هه‌زاران ژن هه‌ن له‌گه‌ڵ پیاوه‌كانیان ده‌ژین كه چاو و ده‌ست و قاچیان نییه، ئه‌گه‌ر پیاوه‌كه‌یان قبووڵی نه‌كرد، یه‌كسه‌ر وازیان لێ بهێنن و هیچ شتێك به قوربانی ته‌ندروستی خۆیان نه‌كه‌ن.
وشه/هه‌ولێر- ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان