لەگەڵ سەردانی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ سعوودیە، ئەو وڵاتە 100 ملیۆن دۆلاری خستە سەر حیسابی ئەمەریكا تا لە رۆژئاوای كوردستان خەرجی بكات و بۆ پرسی ئاوەدانكردنەوەی سووریا بەكاری بهێنێت.
هەواڵی پێدانی پارەكە لە رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز بڵاو كرایەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجی بەشێكی تری میدیاكان و تەنانەت وڵاتانیش بوو ئەوەیە، بۆچی ئەمەریكا رێك لەوكاتەدا ئەو بڕە پارە زۆرە بە ئەمەریكا دەدات كە بە كوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی رەخنەگر تۆمەتبار كراوە.
بەرپرسانی ئەمەریكا گوتوویانە تەنیا بە رێكەوت رێك لەم كاتەدا كە سعوودیە بە كوشتنی رۆژنامەنووسێك تۆمەتبار دەكرێت ئەو پارەیە دراوە، ئەگەر نا پێشتر سعوودیە بەڵێنی ئەوەی دابوو یارمەتی ئاوەدانكردنەوەی سووریا بدات و تەنانەت باسی لە یارمەتییەكی 100 ملیۆن دۆلاریش كردبوو.
یەكێك لەو بەرپرسانەی ئەمەی رەت كردووەتەوە پێدانی 100 ملیۆن دۆلار هیچ پێوەندییەكی بە دۆسیەی خاشقچی هەبێت، برێت مەكگۆرگ بووە كە نوێنەری ئەمەریكایە لە جەنگی دژی تیرۆر.
لە لایەكی ترەوە هەندێك میدیای توركیش ناڕەزایەتی و سەرسوڕمانی خۆیان لە پێدانی ئەم بڕە پارەیە بە ئەمەریكا دەربڕیوە و باسیان لەوە كردووە كە ئەو بڕە پارەیە بە هاوپەیمانیەتی نێوان پەكەكە و ئەمەریكا دراوە. توركیا پەیەدە و تەنانەت هێزەكانی سووریای دیموكراتیش بە گرێدراوی پارتی كرێكارانی كوردستان هەژمار دەكات.
كارتی گوشاری توركیا دژی سعوودیە ئێستە دۆسیەی جەمال خاشقچییە و دیار نییە ئەو دۆسیەیە چۆن دادەخرێت و سعوودیە چۆن خۆی لێ رزگار دەكات.