ئەمەریكا بە فەرمی داوای لە حكوومەتی توركیا كرد بەڵگەنامەی كوشتنی جەمال خاشقچی پێ بدات كە باس لەوە دەكرێ تۆمارێكی دەنگییە و لە رێی سەعاتە زیرەكەكەی بۆ مۆبایلی گواستراوەتەوە كە لە لای دەزگیرانەكەی بووە.
جێی باسە لە دووی تشرینی یەكەم دوای ئەوەی جەمال خاشقچی بەمەبەستی هەندێك مامەڵەی هاوسەرگیری سەردانی كونسوڵگەری سعوودیە لە توركیا دەكات، دیار نامێنێت و دواتر سعوودیە بە كوشتنی تۆمەتبار دەكرێت.
سعوودیە هاوپەیمانی ئەمەریكایە و یەكێكە لە دۆستە هەرە نزیكەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووداوی تۆمەتباركردنی سعوودیە بە كوشتنی جەمال خاشقچی ئەو وڵاتەی خستووەتە ناو دۆخێكی نالەبار.
لە لایەك ئەمەریكا حەز ناكات پێگەی سعوودیە لاواز بێت و لە لایەكی تریش گوشارێكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر ئەمەریكا هەیە بۆ ئەوەی بەرگری لەم رۆژنامەنووسە بكات.
بەگوێرەی "
بی بی سی" ئەو بەڵگانەی كە لەسەر كوشتنی جەمال خاشقچی بڵاو كراونەتەوە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن و هێشتا سعوودیە نەیتوانیوە بە بەڵگە بیسەلمێنێت كە دەستیان لە كوشتنی جەمال خاشقچیدا نەبووە.
رۆژنامەكانی توركیا دەڵێن لەو تۆمارە دەنگییەی لەبەردەستیاندایە تەنانەت دەنگی محەمەد عەتیبی كونسوڵی سعوودیە لە ئیستانبوڵ دەبیسترێت كە بە پاسەوانەكان دەڵێت "لە دەرەوەی كونسوڵگەری كارەكە بكەن دەنا تووشی كێشەم دەكەن."
بەگوێرەی وێنە تۆماركراوەكان دوو سەعات دوای چوونە ژوورەوەی جەمال بۆ ناو كونسوڵگەری، ئۆتۆمبێلەكان كە تابلۆی كونسوڵگەرییان پێوە بووە بەرەو ماڵی كونسوڵ رۆیشتوون.