ئەمەریكا سزای خستە سەر كۆمپانیایەكی ئیماراتی لە عێراق

:: AM:10:36:18/10/2018 ‌

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای خستە سەر كۆمپانیایەكی بواری دارایی دوبەی كە لە عێراق چالاكی هەیە و هۆكاری ئەو سزادانەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە كۆمپانیاكە پاڵپشتی لە داعش كردووە.

بەگوێرەی بەیاننامەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، كۆمپانیای ئافاق رۆڵی هەبووە لەو خزمەتگوزارییانەی لە رووی دارایییەوە پێشكەش بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش كراوە.

وەك "usnews" ئاماژەی پێ دەكات، پێویستە بگوترێ كۆمپانیاكە سەرەڕای ئەوەی كە هی ئیماراتە، بەڵام تەنیا لە عێراق كار دەكات و لە دوبەی تەنانەت لقێكیشی نییە. وەزارەتەكە پێداگری لەوە كردووە ئەوەی دەیكات بەشێكە لەو سیاسەتەی ئەمەریكا بۆ بڕینی سەرچاوەی دارایی داعش ئەنجامی دەدات.

لەو چەند ساڵەی كە داعش لە بەشێكی عێراق و سووریا دەسەڵاتی هەبوو، كلكی بە چەندان وڵات و تەنانەت كۆمپانیای دنیا گرێ درابوو كە رۆڵیان هەبوو لە گواستنەوەی پارە بۆ ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە. دواتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەسەر ئەوە رێككەوتن كە بە یەكەوە كار بكەن و هاوئاهەنگییان هەبێت لە سزادانی هەموو ئەو كۆمپانیا و لایەنانەی بە شێوەیەك لە شێوەكان یارمەتی داعش دەدەن.



وشە - سلێمان تاشان