لە سنووری سلێمانی 30 بۆ 40 پاڵاوگەی نایاسایی هەیە

:: AM:11:04:18/10/2018 ‌

سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، زۆربەی پاڵاوگە نایاسایییەكان لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی ماون، كە لە سنووری سلێمانی نزیكەی 30 بۆ 40 پاڵاوگەی نایاسایی هەیە.

دكتۆر شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند: "زۆربەی پاڵاوگە نایاسایییەكان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر ماون، ئەوانەی دهۆكیش لە نێوان هەولێر و دهۆكن".

زیاتر گوتی‌: "سێ ساڵ لەمەوبەر فشارمان دروست كرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان زانیاری لەسەر 214 پاڵاوگەی نایاسایی پێ داین".

لە بارەی هۆكاری دانەخستنی ئەو پاڵاوگە نایاسایییانە، مەهدی مەحموود ئەندامی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو پاڵاوگانە كەسانی دەستڕۆیشتوویان لە پشتە، بۆیە حكوومەتیش داینەخستوون.

ئەو گوتی: "بۆچی ئەگەر دووكانێك یان ماركێتێك نایاسایی دادەخرێت، بەڵام ئەو پاڵاوگانە كە زیانی ژینگەیی و تەندروستییان هەیە داناخرێن، دیارە دەبێت كەسانی گەورە لە پشتیانەوە بن".

دكتۆر شێركۆ لەبارەی ئەو بەرهەمەی ئەو پاڵاوگانە دەیخەنە بازاڕەوە گوتی: "ئەو پاڵاوگانە نەوتی خاو وەردەگرن و دەیكەنە بەنزین و جۆرەكانی تری سووتەمەنی، بەڵام هیچ كات رۆڵیان نەبووە لە هەرزانكردنی نرخەكان".

سلێمانی _ هەستیار



وشە - سلێمان تاشان