یاریزانانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی داوایان لە راهێنەرەكەیان جولین لۆپیتگی كردووە شێواز و پلانی یاریكردنی تیپەكەیان بگۆڕێ.
ماڵپەڕی (ئۆك دیاریۆ)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: بەشێكی زۆری یاریزانانی یانەی ریال مەدرید بێزاربوونە لە شێواز و پلانەكانی یاریكردنی لۆپیتیگی و داوایان لێ كردووە بۆ لەمەودوا و یارییەكانی داهاتوو گۆڕانكاری بكات.
یانەی شاهانە لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا ئاستی وەك پێویست نییە و 2 یاریی لە خولی ئیسپانیا دۆڕاندوە لەگەڵ یارییەكی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، هەروەها لە یاریی دێربی شاری مەدریدیش بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بەبێ گۆڵ یەكسان ببوو.
بەگوێرەی سەرچاوەكە یاریزانانی یانەی ریال مەدرید داوایان لە لۆپیتگی كردووە واز لە بیرۆكەی تیكی تاكا (گڵدانەوەی تۆپ) بێنێ و بۆ یارییەكانی داهاتوو وەك پێشتر پشت بە هێرشی پێچەوانەی خێرا ببەستن.
یانەی ریال مەدرید هەر لە كۆنەوە پشتی بە پلانی هێرشی پێچەوانەی خێرا بەستووە لەگەڵ گەڕانەوەی یاریزانان بە لە كاتی هێرشی پێچەوانەدا بۆ هێڵی بەرگری، یاریزانەكانیش نایانەوێ پشت بە هەمان شێوازی یاریكردنی یانەی بەرشەلۆنە (تیكی تاكا) ببەستن و هۆكاری ئەنجامە خراپەكانی ئەمساڵیشیان بۆ ئەم شێوازەی یاریكردن گەڕاندۆتەوە.