لەگەڵ زیاتر ئاشکرابوونی دۆسیەی جەمال خاشقچی کە سعوودیە بە کوشتنی تۆمەتبار دەکرێ، هەڵویستی وڵاتانیش لە دژی سعوودیە زیاتر پەرە ەدەستێنێت و یەکەم هەڵویستی وڵاتانیش لە بەرەبەری دەستپێکردنی کۆنفرانسی ئابووری سعوودیە دەرکەوت کە بڕیارە 23ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆنفرانسێکی ئابووری لە سعوودیە بەڕێوە بچێت کە بڕیار بوو زۆرێک لە وەزیرانی دەرەوە و ئابووری وڵاتانی رۆژئاوا بەشداری تێدا بکەن.
کۆنفرانسەکە بە ناوی داهاتووی وەبەرهێنانە و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وڵاتانی ئەوروپی رەتیان کردووەتەوە لەو کۆنفرانسەدا بەشداری بکەن.
برۆنۆ لۆمێر وەزیری ئابووری فڕەنسا ئەمڕۆ پێنجشەم بە میدیاکانی راگەیاند ناتوانێت جاری بەشداری کۆنفرانسی ئابووری ئەو وڵاتە بکات.
هاوکات وەزیری دارایی هۆڵنداش باسی لەوە کردووە کە گەشتی هەفتەی داهاتوو بۆ سعوودیەی هەڵوەشاندووەتەوە.
حکوومەتی هۆڵندا گەشتی شاندێکی باڵای بازرگانی ئەو وڵاتەشی هەڵوەشاندووەتەوە کە بڕیار بوو مانگی داهاتوو سەردانی ریاز بکەن.
کریستیان لاگارد سەرۆکی سندوقی نێودەوڵەتی دراویش سەردان و بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
بەگوێرەی "
رادیۆ فەردا" هەر یەک لە دەزگاکانی میدیایی نیۆیۆرک تایمز، سی ئێن ئێن و فایننشاڵ تایمزیش باسیان لەوە کردووە ناچنە سعوودیە و بەشداری لەم کۆنفرانسەدا ناکەن.
سەرەڕای ئەو رەتکردنەوانە سعوودیە گوتوویەتی کۆنفرانسەکە لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.