پۆڵه‌ندا بۆ دابینكردنی خۆراكی كوردستان ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كات
پێوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئێران، دوای بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌نارده‌ی ده‌یان جۆر شتومه‌كی خۆراكی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه له‌لایه‌ك وپاشگهزبوونهوهی كۆمپانیاكانی كوردستان له درێژه‌دان به پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران له ترسی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا، خه‌ریكه بۆ ئاستێكی زۆر نزم داده‌به‌زێت، بۆیه جگه له توركیا، وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپی ئه‌و بۆشایییه پڕ ده‌كه‌نه‌وه.
زۆرترین هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان له رابردوودا له هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیاوه بووه، له‌مه‌ودوا ئێران له هاوكێشه‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دوور ده‌كه‌وێته‌وه و هه‌رێمی كوردستان ناچاره بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی، پشت به شوێنی تر ببه‌ستێت.
دواین بڕیاری ئێران ئه‌وه بووه رێگری له هه‌نارده‌كردنی 25 جۆر كاڵا بكات. بڕیاره‌كه‌ی تاران به‌هۆی ئه‌و ته‌نگژه ئابوورییه‌یه كه تووشی وڵات بووه و جاران كه ئێران به حه‌زه‌وه كێبه‌ركێی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد به‌رهه‌مێكی له كوردستان ساغ ببێته‌وه، ئێسته به ناچاری خۆی رێی فرۆشتنی لێ ده‌گرێت.
تمه‌نی ئێران به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رانبه‌ر به دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و دیناری عێراقی دابه‌زیوه، جاران كه 100 هه‌زار تمه‌نی ئێرانی 30 هه‌زار دیناری ده‌كرد، ئێسته له نێوان حه‌وت تا نۆ هه‌زار دینار ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت. به‌هێزیی دینار به‌رانبه‌ر به تمه‌نی ئێرانی به واتای به‌هێزیی توانای كڕین لای هاووڵاتییانی هه‌رێمی كورستان دێت.
به‌رهه‌می ئێرانی بۆ كڕیاری هه‌رێمی كوردستان و عێراق زۆر هه‌رزانه و ئێران ده‌ترسێت به هه‌نارده‌ی به‌لێشاو، نرخی كاڵا بۆ هاووڵاتییانی ئێرانی ئه‌وه‌نده زۆر بێت، ببێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ته‌نگژه‌یه‌كی تر، بۆیه وای پێ باش بووه بۆ رێگریكردن له گرانبوونی خۆراك و پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان، رێ له هه‌نارده‌كردنیان بگرێت.
هه‌رێمی كوردستان زیاتر كڕیاره و ئه‌گه‌ر ئێران شتی پێ نه‌فرۆشێت، ئه‌وا بیر له فرۆشیاری تر ده‌كاته‌وه. توركیای دراوسێ كه پێشتریش زۆر له پێداویستییه‌كانی كوردستانی دابین ده‌كرد، له‌مه‌ودوا شتی زیاتری لێ هاورده ده‌كرێت.
بردنه ده‌ره‌وه‌ی ئێران له هاوكێشه‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر به‌شێكی به‌هۆی بڕیاره‌كانی ئێران بێت بۆ ئه‌و پاساوه‌ی ئاماژه‌ی پێكرا، به‌شه‌كه‌ی تری پێوه‌ندی به كۆمپانیاكانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه هه‌یه و دوای سه‌پاندنی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران، كۆمپانیاكان نا‌وێرن درێژه به بازرگانیكردن له‌گه‌ڵ ئێران‌دا بده‌ن، چونكه ئه‌وكات له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌وێته به‌ر مه‌ترسی، بۆیه كۆمپانیاكانی كوردستانیش بیر له ئه‌لته‌رناتیڤ ده‌كه‌نه‌وه.
به‌ختیار مه‌لا ئه‌حمه‌د به‌رپرسی راگه‌یاندنی یه‌كێتی هاورده و ناردنكاران، وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییه، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان جگه له توركیا، پشت به وڵاتانی تری عه‌ره‌بی و ئه‌وروپی ده‌به‌ستێت.
ئه‌و ده‌ڵێ "رێی هاورده‌كردنی شتومه‌ك ته‌نیا رێی وشكایی نییه، به‌ڵكو له رێی فڕۆكه‌وه ده‌كرێ پێداویستییه‌كانی كوردستان هاورده بكرێن".
پێویسته بگوترێ یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری كردووه و ته‌نانه‌ت شاندێكیشی ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستی خۆراكی بۆ دابین بكات و ببێت به جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ ئێران، پۆڵه‌ندایه. به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی هاورده و ناردنكاران گوتی، لیژنه‌كه هاتوون و ئه‌و بابه‌ته‌یان تاوتوێ كردووه و له داهاتوودا به‌رهه‌می پۆڵه‌ندا و ئه‌وروپی له كوردستان زیاتر به‌رچاو ده‌كه‌ون.
له‌باره‌ی گرانبوونی نرخه‌كانه‌وه بهختیارگوتی،"راسته له‌وانه‌یه كه‌مێك نرخه‌كه به‌رز بكاته‌وه، به‌ڵام رێژه‌كه كه‌مه و له به‌رانبه‌ردا كوالێتی به‌رهه‌مه‌كه‌ش به‌رز ده‌بێته‌وه".
جێی باسه كوالێتی به‌رهه‌می خۆراكی یا هه‌ر جۆره به‌رهه‌مێكی تری ئه‌وروپی به‌راورد به ئێران، زۆر به‌رزه و ئه‌وه‌ی بۆ هاووڵاتییانی كوردستان جێی دڵخۆشییه، ئه‌وه‌یه له به‌رهه‌می ستانداردی ئه‌وروپی له جیاتی به‌رهه‌می بێ كوالێتی ئێرانی سوود وه‌رده‌گرن.
به‌ختیار مه‌لا ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه پێشتریش بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان گله‌یییان له به‌رهه‌می ئێرانی هه‌بووه، له رووی كوالێتییه‌وه به‌رهه‌مه‌كانی ئێران جێی دڵخوازی خه‌ڵكی كوردستان نه‌بوون، ته‌نانه‌ت ئێران پێشتریش ته‌نیا له سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه زیاتر به‌رهه‌مه‌كانی ساغ ده‌كرایه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نزیكیی ناوچه‌كه له ئێران بوو.
پۆڵه‌ندا دراوسێی وڵاتانی ئه‌ڵمانیا، چیك، سلۆڤاكیا، لیتوانیا و رووسیا و بێلارووسه و كه‌وتووه‌ته ناوه‌ندی ئه‌وروپا. پۆڵه‌ندا به به‌رهه‌می كشتوكاڵی ده‌وڵه‌مه‌نده و ته‌نانه‌ت هه‌نارده‌ی وڵاتانی تری ده‌كات.
پۆڵه‌ندا وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده و كۆی داهاتی نه‌پاڵاوتووی ده‌گاته سه‌رووی 495 ملیار دۆلار. جگه‌له‌مه به‌رهه‌مه‌كانی به ستانداردی یه‌كێتی ئه‌وروپا دروست ده‌كرێن.
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی به‌ربڵاوی زۆر له نه‌خۆشییه‌كان له كوردستان، بۆ كوالێتی خراپی به‌رهه‌می خۆراكی ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌رزبوونه‌وه‌ی كوالێتیش ده‌بێته هۆی دوورخستنه‌وه‌ی ماده ژه‌هراوییه‌كان له كوردستان.