به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌موو شه‌ڕ و پێكدادانی قورس له نێوان هێزه‌كانی په‌كه‌كه و سوپای توركیا له چیای دێڵی سه‌ر به شاره‌دێی سیده‌كان ده‌ستی پێكرد و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامی هه‌یه.
ئه‌یوب قادر له پاسه‌وانی سنووری سیده‌كان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له سه‌عات هه‌شت و 15 خوله‌كی به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌موو له چیای دێڵی سه‌ر به سیده‌كان شه‌ڕێكی قورس له نێوان هێزه‌كانی په‌كه‌كه و سوپای توركیا ده‌ستی پێكردووه و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامی هه‌یه، شه‌ڕه‌كه زیاتر لای چه‌پ و پشته‌وه‌ی چیای دێڵی گرتووه‌ته‌وه و تا ئێسته زیانه‌كانی هه‌ردوولا نه‌زانراوه، به‌ڵام به‌رده‌وامی هه‌یه و كۆتایی نه‌هاتووه.
زیاتر گوتی، به‌رده‌وامی هێرش و تۆپپاران و بۆردمانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا و چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانیان وایكردووه شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له نێوان په‌كه‌كه و توركیا له سنووره‌كان زیاتر ببێت، ئێسته ناوچه‌كه بووه‌ته گۆڕه‌پانی جه‌نگێكی قورس و به‌رده‌وام، ئه‌مه‌یش زیانی گه‌وره‌ی به ژینگه و خه‌ڵكی ناوچه سنوورییه‌كان گه‌یاندووه.
شه‌ڕی په‌كه‌كه و توركیا زیاتر له 35 ساڵه به‌رده‌وامی هه‌یه و تا ئێسته‌یش به هه‌زاران كوژراو له ڕیزه‌كانی هه‌ردوولا و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی هه‌یه و كۆتایی به شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كان نه‌هاتووه.
سیده‌كان كه‌وتووه‌ته سێگۆشه‌ی سه‌ر سنووری نێوان توركیا و ئێران و عێراق، 144 كیلۆمه‌تر له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر هه‌ڵكه‌وتووه و 250 گوندی به‌سه‌ره‌وه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی شه‌ڕ و ئاڵۆزی په‌كه‌كه و توركیا زیاتر له 100 گوندی چۆڵكراوه، له ئه‌نجامی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی 35 ساڵی ڕابردوویش ده‌یان هاووڵاتی برینداربوون یان بوونه‌ته قوربانی بۆردمانی فڕۆكه‌كانی توركیا.
سیده‌كان/ موڕشید برادۆستی.