ئەمڕۆ شەموو لە یاریی لووتكەی ئەم هەفتەیەی خولی پلە یەكی ئیسپانیا یانەی بەرشەلۆنە و سڤیلییە رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.
یارییەكە سەعات 9:45ی شەو بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی نۆیەمی خولی ئیسپانیا دەبێت.
هەردوو یانەكە بۆ بەدەستهێنانی ریزبەندی یەكەمی خولی ئیسپانیا دەجەنگن، یانەی سڤیلییە بە كۆكردنەوەی 16 خاڵ لە ریزی دووەمی یانەكاندایە و یانەی بەرشەلۆنەش لە ریزی سێیەم بە 15 خاڵ، یانەی ئەلاڤێسیش دوای بردنەوەی لە یانەی سێلتا فیگۆ لە یارییەكەی شەوی رابردوو، بەشێوەی كاتی و بە 17 خاڵ پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیای گرتە دەست.
یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە خولی ئیسپانیا تا ئێستا 74 یاریی بەرامبەر یانەی سڤیلییە ئەنجامداوە.
یانە كەتەلۆنییەكە لە كۆی سەرجەم یارییەكاندا 57 یاریی بردۆتەوە و لە 11 یاریشدا یەكسان بوە و تەنیا 6 یاریشی دۆڕاندووە.
لە كۆی ئەم 74 یارییەدا یانەی بەرشەلۆنە 205 گۆڵی تۆمار كردووە و تەنیا 67 گۆڵیشی لەلایەن یانەی سڤیلییە لێ تۆمار كراوە و لە 30 یاریشدا گۆڵی تیپەكەی بە خاوێنی راگرتووە.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە یانەی بەرشەلۆنە لە رووبەڕووبوونەوەكاندا بەرامبەر یانەی سڤیلییە زۆرترین جار براوە بووە و زۆرترین گۆڵیشی لێ تۆمار كراوە، بەڵام ئەمە لە مێژوودایە و رەنگە ئەمڕۆ پێچەوانەكەی روو بدات بە تایبەت كە ئێستا دۆخی یانەی بەرشەلۆنە وەك پێویست نییە و یانەی سڤیلییەش لە بەرزترین ئاستیدایە و پێشتریش بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ریال مەدریدی بردبووەوە.