گەشەی ئابووری چین دابەزی

:: AM:11:28:20/10/2018 ‌

رێژەی گەشەی ئابووری چین لە سێ مانگی رابردوو دابەزیوە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە ماوەی نزیكەی 10 ساڵی رابردوو تۆمار كرابێت.

گەشەی ئابووری چین لە سێ مانگی سێیەمی ساڵی 2018 بەراورد بە سێ مانگ پێشتر 0.2% دابەزی و رێژەی گەشەی ئابووری ئێستەی وڵاتەكەش لە ئاستی هیوا و حەزی وڵاتەكەدا نییە.

بەگوێرەی "رادیۆ فڕەنسا" بۆیە بەرپرسانی چین رێوشوێنێكی توندی ئابوورییان گرتووەتە بەر و دەیانەوێ هیوای وەبەرهێنەرەكان بەرز بكەنەوە و دڵنیایان بكەنەوە ئەمەی روو دەدات كاتییە و لە داهاتوودا وەبەرهێنەران پێگەیان باشتر دەبێت.

بەپێی ئامارەكانی چین رێژەی گەشەی بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی چین 6.7% بۆ 6.5٪ دابەزیوە. پێشتر فەرمانگەی ئاماری چین پێشبینی كردبوو رێژەی گەشەكە 6.6% بێت، بەڵام ئەم پێشبینییە بەدی نەهات.

بەشێك لە پسپۆڕانی ئابووری چین هۆكاری دابەزینی گەشەی ئابووری چین بۆ ئەو ململانێیە ئابوورییانە دەگەڕێننەوە كە لە نێوان ئەمەریكا و چین دەستی پێ كردووە، تەنانەت پێشبینی دەكەن لە مانگەكانی داهاتوودا دۆخی ئابووری چین خراپتر بێت.



وشە - سلێمان تاشان