حەوت گەنجی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستبەسەر كران

:: PM:12:01:20/10/2018 ‌


هێزەكانی ئیتڵاعاتی ئێران لە شارە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان حەوت كەسیان بە تۆمەتی پێوەندییان بە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستبەسەر كرد.

ئەوانەی گیراون خەڵكی شارەكانی مەریوان، ورمێ و سنەن و هەر كامێكیان لە شوێنێكی جیاواز گیراون و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراونەتەوە.

بەگوێرەی "رادیۆ زەمانە" ناوەندی دیموكراسی و مافی مرۆڤی كوردستان بڵاوی كردەوە سێ كەسیان لە مەریوان خەڵكی گوندێكن و هێزەكانی ئیتڵاعات بێ ئەوەی هیچ جۆرە مۆڵەتێكی دادگایان پێ بێت هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكەیان و هەرسێكیان گرتوون.

هاوكات لە سەڵماس و سنە و مەریوانیش چەند كەسێكی تر گیراون و تۆمەتی سەرجەم ئەوانەی گیراون ئەوەیە پێوەندییان بە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە بێ ئەوەی هیچ جۆرە بەڵگەیەكی سەلمێنەر لەسەریان هەبێت.

ناوەناوە هێزەكانی ئیتڵاعاتی ئێران بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن لە رۆژهەڵاتی كوردستان گەنجان دەگرن و تۆمەتی بێ بنەمایان بەسەردا دەسەپێنن و بەداخەوە زۆر جار ئەو تۆمەتانە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك بۆ ساغكردنەوەیان هەبێت، لە لایەن دادگاوە حوكمی كۆتایییان لەسەر دەدرێ.

زۆر جار سزای لەسێدارەدان یان زیندانی تاهەتایی بەسەر گەنجانێكدا سەپێنراوە كە هیچ پێوەندییەكیان بە حزبە سیاسییەكانەوە نەبووە.



وشە - سلێمان تاشان