كۆنفرانسی پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی لە عێراق و كوردستان ساز دەكرێت

:: PM:02:24:20/10/2018 ‌

بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگەدا ئینستتیوتی ئەمەریكی- كوردی بە هاوكاری كۆمپانیای فابیباب بۆ پیشەسازی كارتۆن، بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، یەكەمین "كۆنفرانسی پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی لە عێراق و كوردستان" بەڕێوە ببات.

ئەحمەد یاسین بەڕێوەبەری كۆمپانیای فابیاب بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە كۆمەڵیك كێشە لەبەردەم كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستانە و خوازیارن ئەم كێشانە بخرێنەڕوو بۆ ئەوەی چارەیەكیان بۆ بدۆزریتەوە.

ئەو روونی كردەوە لە كۆنفرانسەكەدت ئەو كەسانەی بڕیاربەدەست و وەزارەتە پێوەندیدارەكانی وەك وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی دارایی، دەستەی وەبەرهێنان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی باڵای حكوومی بەشدار دەبن.

بەگوتەی ئەحمەد یاسین دیسكی ئابووری هەریەك لە كونسوڵخانەكانی ئەڵمانیا، ئەمەریكا، فڕەنسا و هیندستان لە هەولێر بەشداری لە كۆنفرانسەكەدا دەكەن و پێشبینی دەكەن بتوانن لەم رێیەوە ئاوڕێك لەم كەرتە بدرێتەوە و كەموكورتییەكانی چارەسەر بكرێن.

پیویستە بگوترێت كۆنفرانسەكە سەعات 10ی بەیانی رۆژی چوارشەم 31/10/2018 لە هوتێل رۆتانای هەولێر ساز دەكرێت.

كۆنفرانسی پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی لەكاتێكدا بەڕێوە دەچێت كە حكوومەت هەموو پرسە ئابوورییەكانی لە كوردستان و عێراق بە دۆسیەی نەوت و داهاتەكەی بەستووەتەوە، بەڵام لەپێناو بیركردنەوە لە فڕەڕەنگكردنی ئابووری عێراق و كوردستان بەپێویست زانراوە‌ داڕێژەرانی سیاسەتی ئابووری، پلانەكانیان بە ئاراستەی فرەییكردنی ئابووری و سەرچاوەكانی داهات ئاراستە بكەن.



وشە - سلێمان تاشان