خوێندنی باڵا كۆتایی بە وەرگرتنی سكاڵای قوتابییان دێنێت

:: PM:02:45:20/10/2018 ‌
بڕیارەی سەعات 12ـی ئەمشەو كۆتایی بهێنرێت بە سكاڵای قوتابییانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتنی قوتابییان لە زانكۆ و پەیمانگاكان.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی تشرینی یەكەم، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە، تێیدا هاتووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئاگەدار دەكاتەوە، ماوەی تۆماركردن و پێشكەشكردنی سكاڵا لە سەعات 12ی ئەمشەو ڕێكەوتی (20/10/2018) كۆتایی دێت، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە دەرچووان دەكەین پەلە بكەن لە تۆماركردنی سكاڵاكانیان، چونكە ماوەكە چیتر درێژ ناكرێتەوە.

لە بەشێكی ڕاگەیانراوەكە ئاشكرا  كراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راشی دەگەیەنێت تا ئێستە نزیكەی چوار هەزار و 500 دەرچوو كە كێشەی وەرگرتنیان هەیە سكاڵایان تۆمار كردووە، بۆیە داوا لە سەرجەم دەرچووان دەكەین ئەوانەی كێشەی وەرگرتنیان هەیە پەلە بكەن لە پڕكردنەوەی سكاڵاكانیان، ئەویش بە بەكارهێنانی بەهەمان پاسوۆرد و یوزەرنەیم لەڕێی وێبسایتی(regayzanko.com) بچنە ناو سیستمی وەرگرتن و فۆڕمی سكاڵاكانیان تۆمار بكەن.

جێی ئاماژەیە بۆ كارئاسانیی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەتایبەت ئەوانەی كێشەی وەرگرتنیان هەیە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەفتەی رابردوو بڕیاری دا دەرچووان بە شێوازی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین فۆرمی سكاڵا پێشكەش بكەن.



وشە - رامیار جەواد