سەربەهەوێ شووی كرد و ژیانی كرد بە دۆزەخ

:: PM:03:44:20/10/2018 ‌
ژنێكی تەمەن 32 ساڵ لە شاری هەولێر، هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێكی خاوەن خێزاندا دەكات، ماوەی چوار ساڵە هەر چەند مانگێك ماڵی لە شوێنێكە لە ترسی ئەوەی هاوسەرگیرییەكەی ئاشكرا نەبێت، ئەو ژنە خاوەنی دوو منداڵە، گەڕانەوەی بۆ مالێ باوكی لێ قەدەغە كراوە، هاسەرەكەشی لەبەر خێزانی یەكەمی تەنیا بە ڕۆژ سەردانیان دەكات، ئەو ژنە دەڵێت چوار ساڵە لە ناخیدا ئاگر هەڵدەقووڵێت و دەیەوێت لەو ژیانە شاراوەیە بێتە دەرێ، بەڵام لەوە دەترسێ ژیانی لە منداڵەكانی تێك بچێت.

ئاسوودە ئەو ژنەیە كە بە ئاگاداری مالێ باوكی و بە بێ ئاگای خێزان و ماوڵی باوكی "عومەر" مێردی، هاوسەرگیری دەكات، ئەو دەڵێت سەرەتای ناسینیان نەیزانیوە كە خێزاندارە، بەڵام كاتێك كار لەكار ترازاوە و باوك و براكەی بە پێوەندیەكەیان زانیوە، ناچار بووە بە هەموو جۆرێك ڕازی ببێت، ئەو چیرۆكی تاڵی هاوسەرگیرییەكەی و ژیانی ئێستەی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت، من هەڵەیەكم كرد كە دەكرا لێم خۆش ببن، بەڵام ئەوان زۆردارانە وەك بڵێی دەیانەوی شەرەفیان بەوە پاك بكەنەوە، خستمیانە ناو هەڵەیەك كە چەند كەسی بێتاوانی تێدا دەبێتە قوربانی.

ژیانی ئاسوودە لەگەڵ هاوسەرەكەی وەك خۆی باسی دەكات وەك ئەو بەندكراوە وایە كە لە گرتووخانە ڕایكردووە و پۆلیس بە دوای گرتنیەتی، چونكە هیچ كەس لە كەسوكاری هاوسەرەكەی بەو هاوسەرگیرییە نازانن، لەبەر ئەوەی ئاشكراش نەبن و نەناسرێن هەرچەند مانگێك و دەچنە شوێنك دەژین.

لەبارەی چۆنیەتیی ژیانی لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكەی دەڵێت، "عومەر" كە تەنیا بە ناو هاوسەرمە، لە هەفتەیەكدا دوو سێ ڕۆژ دێت تەنیا چەند سەعاتێك دەمێنێتەوە و تۆزێك شەڕم لەگەڵ دەكات و ئەوەی هەیەتی لە غەریزە و لە تووڕەیی و خۆشی و ناخۆشی بەتاڵی دەكاتەوە و دەڕوات، مانگانەش بە شەڕ كرێ خانووەكەم بۆ دەدات و هەندێ پارەی خەرجیم دەداتێ بۆ منداڵەكان.

ئاسوودە ژنی ماڵەوەیە و هیچ كارێك ناكات، خەرجی لەسەر هاوسەرەكەیەتی و دایكیشی هاوكاری دەكات، ئەو نایشارێتەوە كە خەتابارە، بەڵام دەڵێت پێی كراوە و ڕوونی دەكاتەوە كە وەك هەر كچێك كە كورێكی خۆش دەوێت، پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ عومەر هەبووە، بەڵام پێی نەگوتووە خێزاندارە، بەڵێنی هاوسەرگیریی پێ داوە، جارێك زۆری لێ كردم كە بمبینێ منیش پێم گوت بێتە ماڵەوەمان، چونكە ماڵمان چۆڵ بوو، بەڵام لەو كاتەی ئەو هات براگەورەكەم بەسەردا هاتەوە، ژیانی من لەوێ كۆتایی هات، پێكەوە لە ژوورێكیان كردین بە سێ برام لێیان داین هەر ئەو شەوە مەلایان هێنا و مارەیان كردین، تەنیا باوكی ئاگادار بوو، چونكە ئەو شەوە بانگیان كرد، هەزار رەحمەتی لێ بیت زۆر باش بوو، تا لە ژیاندا مابوو زۆر یارمەتی من و منداڵەكانی دەدا.

ئەوەی ئێستە ئاسوودەی هەراسان كردووە، ئەوەیە كە ناتوانێ بە تەواوی لە شوێنێك جێگیر ببێت، هەروەها ترسی گەورەی لەوەیە ڕۆژێك ئاشكرا ببێت و كەسوكاری ژنی یەكەمی "عومەر" كاردانەوەی خراپیان بەرامبەر خۆی و منداڵەكانی هەبێت، ئەو دەڵێت دەمەوێ لە هاوسەرەكەم جیا ببمەوە و بە بێ ترس و كێشە و دڵەڕاوكێ لەگەڵ منداڵەكانم بژیم، بەڵام ماڵی باوكم ڕێ نادەن و دەڵێن هاتنەوەت یەكسانە بە كوشتنت، منیش نامەوێ بچمە داڵدەی ژنان، چونكە لەوێ مافی منداڵەكانم دەفەوتێن لە هەمووشتێك بێبەری دەبن، بۆیە ئارامم گرتووە، بەڵام بە دوای چارەسەرێك دەگەڕێم كە داهاتووی منداڵەكانم پارێزراو بكات.

پارێزەر محەمەد ئیسماعیل لەبارەی كەیسی ئاسوودە و هەموو ئەو كەیسانەش كە هاوشێوەن بۆ "وشە" گوتی لە ڕووی یاسایییەوە بەخێوكردنی ئەو ژن و دوو منداڵە لە ئەستۆی هاوسەرەكەیەتی، لەكاتی جیابوونەوەیشیان، بە ڕەچاوكردنی تەمەنی منداڵەكان، دادگا منداڵەكان دەدات بە دایكیان و دەبێت باوكەكە "نەفەقەیان"بكێشێت، هەروەها ئەو ژنە بۆی هەیە داوای هەموو مافەكانی خۆی لە ڕووی یاسایییەوە بكات كە لەسەری مارە بڕاوە، ئەو ژنە دەتوانێ داوای جیابوونەوە بكات و لە دادگاش داوای مافەكانی خۆی منداڵەكانی بكات.

لەبارەی ئەو "بەڵگەنامەی هاوسەرگیرییان" كە لە كەركووك كردوویانە، پارێزەرەكە گوتی، هیچ كێشەیەك بۆ پیاوەكە دروست نابێت و ئەو پیاوە لە ڕووی یاسایییەوە ڕووبەڕووی هیچ سزایەك نابێتەوە، هەتا ئەگەر خێزانی یەكەمی ئاگاداری ئەوەش نەبێ كە هاوسەرگیری دووەمی كردووە، چونكە ئەوان لە كەركووك ئەو بەڵگەنامەیان كردووە، ئەگەر بیانەوێ جیایش ببنەوە هەر لەدادگای ئەوێ لە یەكتر جیا دەبنەوە.

هه‌ولێر/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان.




وشە - باز ئه‌حمه‌د