لووتكەی ئیستانبوڵ دەبێتە كۆتایی پرۆسەی سەربازی و چارەسەری سیاسی لە سووریا؟

:: PM:03:49:20/10/2018 ‌
بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە لووتكەی ئیستانبوڵ ئەنجام بدرێت بۆ دەستنیشانكردنی هێڵە گشتییەكانی چارەسەری سیاسی لە سووریا و دانانی خاڵی كۆتایی پرۆسە سەربازییەكان. چاودێران پێیان وایە بەشداری نەكردنی ئەمەریكا و ئێران وا دەكات لووتكەكە بێ بڕیار كۆتایی بێت، چوار وڵاتە بەشدارەكەش دووپات لە چارەسەری سیاسی دەكەنەوە.

رۆژی شەموو 27ی ئۆكتۆبەر كە دەكاتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بە بەشداری ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا و ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، لووتكەی ئیستانبوڵ لەسەر دۆخی ئیدلب و چالاككردنەوەی پرۆسەی سیاسی لەسەر چارەنووسی سووریا بەڕێوە دەچێت كە ئێران و ئەمەریكا بەشداری نین كە دوو وڵاتی كاریگەرین لە ئاراستەی ململانێیەكانی سووریا، هاوكات ئەوە یەكەمین جارە دوو وڵاتی زلهێزی ئەوروپا بەشداری لووتكەیەك دەكەن هاوشانی توركیا و رووسیا.

ئەگەرچی لووتكەی ئیستانبوڵ بڕیار بوو هەفتەیەك دوای لووتكەی تاران لە نێوان رووسیا و توركیا و ئێران بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆكاری جیاواز لووتكەكە دواخرا و 14ی مانگی رابردووش نوێنەرانی هەر چوار وڵات لەسەر رێوشوێنەكانی بەستنی لووتكەكە لە ئیستانبوڵ كۆبوونەوەیان ئەنجام دابوو.

ئەگەرچی لووتكەی ئیستانبوڵ زیاتر لووتكەیەكی بیروڕا و زانیاری گۆڕینەوە دەبێت لەسەر دۆخی سووریا، هیچ بڕیارێكی چارەنووسازی لێ نادرێت، بەڵام چاودێران بە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەی سیاسی چارەسەری كێشەی سووریا و پرسی گەڕانەوەی ملیۆنان ئاوارە و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو وڵاتەی دەزانن كە لە دوای بەهاری عەرەبییەوە لە ساڵی 2011 شەڕ و ماڵوێرانی بەرۆكی ئەو وڵاتەی گرتووە.

لە بارەی لووتكەی ئیستانبوڵ، مارتینا فیتز گوتەبێژ بەناوی ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا رای گەیاند كە راوێژكاری ئەڵمانیا بەشداری لە لووتكەكە دەكات و گفتوگۆش لەسەر ئیدلب دەكرێت، هاوشانی ئەوەش پرسی پرۆسەی سیاسی دەربارەی چارەنووسی سووریا قسەی لەسەر دەكرێت كە نەتەوە یەكگرتووەكان چاودێری دەكات بەتایبەت لیژنەی نووسینەوەی دەستوور.

هاوكات دوێنێ هەینی، گوتەبێژ بەناوی كۆشكی كرملین رای گەیاند كە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بەشداری لە لووتكەی ئیستانبوڵ دەكات بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەبارەی سووریا و چالاككردنی پرۆسەی سیاسی و رەخساندنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و دووبارە بنیاد نانەوەی ئەو وڵاتە.
 
ئەوەی لووتكەی ئیستانبوڵ لە لووتكەكانی پێش خۆی جیا دەكاتەوە وەك لووتكەی تاران یان سوچی یان ئاستانا، ئەوەیە كە لووتكەی ئیستانبوڵ زیاتر بەلای چارەسەری سیاسییانەی دۆخی سووریا دەچێت، ئەوانەشی تێیدا بەشدارن رۆڵ و كاریگەری گەورەیان هەیە لە دیوە سیاسییەكەی و حەواندنەوەی ئاوارەیەكی ئێجگار زۆر و رۆڵیان لە ئاوەدانكردنەوەی سووریا.

كۆشكی ئەلیزێ لە بارەی لووتكەی ئیستانبوڵ لەگەڵ دووپاتكردنەوە لە بەشداری لووتكەكە بە بەرزترین ئاست لە پێناو پاراستنی دۆخی سووریا و راگرتنی شەڕ لە ئیدلب، ئەوا كار بۆ راگەیاندنی پرۆسەیەكی سیاسی گشتگیر دەكات.

چاودێران پێیان وایە خاڵێكی تر گرنگی لووتكەی ئیستانبوڵ لە رووی كاتەوە، پێوەستە بە وەستاندنی پرۆسە سەربازییەكان لەسەر زەوی پاش رێككەوتنی توركیا و رووسیا لەبارەی ئیدلب كە لە 17ی ئەیلوول/ سێپتێمبەری رابردوو لە سوچی واژوویان لەسەر كرد بۆ وەستاندنی شەڕ لە ئیدلب و سەپاندنی ناوچەی داماڵدراو لە چەك. جگە لەمە هێزە ئۆپۆزسیۆنە چەكدارەكان پابەند بوون بە خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە، ئەویش خۆی لە رادەستكردنی چەكی قورس دێت بە توركیا، بەڵام هێشتا دەستەی تەحریری شام ئامادە نییە ئەو چەكانە رادەستی توركیا بكات و لە ناوچەی داماڵدراو لە چەكیش بكشێتەوە، ئەگەرچی پێنج رۆژ بەسەر وادەی دەستنیشانكراو تێپەڕی كردووە.

چاودێران پێیان وایە هەڵوێستی دەستەی تەحریری شام كە رەتكردنەوەیە لە پاشەكشە، ئەوا توركیا دەخاتە بەردەم هەڵوێستێكی دژوار لە نێوان دوو بژاردەدا كە ئۆپراسیۆنی سەربازی دژ بە دەستەی تەحریری شام ئەنجام بدات یان دۆسیەكە بۆ سووریا و رووسیای هاوپەیمانی جێ بهێڵێت، ئەگەرچی لایەنی پێوەندار ئامادەیە كاتی زیاتر بە توركیا بدات.

چاودێرانی دۆخی سووریا پێیان وایە لووتكەی ئیستانبوڵ دەرفەتێكە بۆ پوتین تا مێركڵ و ماكڕۆن رازی بكات بە چارەسەری دۆسیەی سووریا، لەوەش گرنگتر بەشداریكردنیان لە ئاوەدان كردنەوەی سووریا، ئەگەرچی ئەمەریكا هەڕەشەی ئەوە دەكات كە وڵاتەكەی لەگەڵ هاوپەیمانان بەشداری لە هیچ كۆنگرە و لووتكەیەك ناكەن تا ئەو كاتەی وەڵامی ئەو پرسیارە وەردەگرنەوە كە دەبێت هێزەكانی سەر بە ئێران لە سووریا پاشەكشە بكەن.

پێ دەچێت رووسیا بەرژەوەندییەكانی لە سووریا نەكاتە قوربانی ئێران، كاتێك رۆژی پێنجشەمی رابردوو 18ی ئۆكتۆبەر لە لووتكەی فاڵدای رای گەیاند، بوونی ئێران لە سووریا كێشەی رووسیا نییە، بەڵكو دەبێت گفتوگۆ لە نێوان ئێران و سووریا و ئەمەریكا بكرێت و رووسیاش ئامادەیە بەشداری لە لووتكەكە بكات، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێ دەبێت ئێران بە بێ هیچ مەرجێك سووریا جێ بهێڵێت.

پێوەند بەو پرسە پێ دەچێ پوتین پێش لووتكەی ئیستانبوڵ لەگەڵ جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە مۆسكۆ لە رۆژانی 22 و 23ی ئەم مانگە یەكتر ببینن و پێشنیاری پێشوازیكردن لە لووتكەی سێ قۆڵی نێوان ئەمەریكا و سووریا و ئێران بخاتە بەردەم واشنتن لەسەر خاكی رووسیا.

ئەگەرچی لە لووتكەی ئیستانبوڵ ئەمەریكا و ئێران بەشدار نین، بەڵام چاودێران پێیان وایە سەردانەكەی بۆڵتن بۆ مۆسكۆ ئەوە روون دەكاتەوە كە ئەمەریكا هێندە دوور نییە لە لووتكەكە، هەموو ئاماژەكانیش بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێنن كە قۆناغی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە سووریا كۆتایی هاتووە و سەرەتای دەستپێكی قۆناغی ئۆپراسیۆنی سیاسییە.

پێوەند بە لووتكەی ئیستانبوڵ، ئیبراهیم كالین گوتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا دووپاتی لە بەستنی لووتكەی ئیستانبوڵ لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا كرد و رای گەیاند، بەرنامەی لووتكەكە پرسی ئیدلب و چارەسەری سیاسییانەی دۆخی سووریایە لە هەموو روویەكەوە، چاوەڕوان دەكرێت لە لووتكەكەدا رێچارەی هەمیشەیی چارەسەری دۆخی سووریا لە دیوە سیاسییەكەی دەستنیشان بكرێت.

لای خۆیەوە یوری ئۆشاكوف یاریدەدەری سەرۆكی رووسیا دەڵێ، توركیا و رووسیا پلانی هاوبەشیان هەیە بۆ داهاتووی سووریا تا كۆتایی ئەمساڵ، پێوەندییەكانیش لە نێوان مۆسكۆ و ئەنكەرە بەردەوامە و كارەكانیش بە كراوەیی ماونەتەوە لە پشت رووداوەكانی سووریا.



وشە - فه‌رمان سادق