هێشتا كەمی بەرهەمهێنانی كارەبای بەنداوی دەربەندیخان بەهۆی بوومەلەرزەكە چارەسەر نەكراوە ‎ ‎

:: PM:06:10:20/10/2018 ‌

بەهۆی بوومەلەرزەكەی ساڵی رابردوو بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەنداوی دەربەندیخان كەمی كرد و لێپرسراوی بەشی بەكارخستنی بەرهەمهێنان لەو بەنداوە دەڵێت, بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ دوو یەكە كەمتر بووەتەوە و بەگشتی بەرهەمی كارەبا زیاتر لە 200 میگاوات بۆ خوار 120 مێگاوات كەمی كردووە.

فارووق ئەحمەد, لێپرسراوی بەشی ئیشپێكردنی كارەبا لە بەنداوی دەربەندیخان ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند, ساڵانی رابردوو كاتێك بەنداوەكە هیچ كێشەی نەبوو، بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا زۆر بوو, بۆیە بەردەوام توانراوە سێ یەكە كاری پێ بكرێت.

زیاتر گوتی, بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو بوومەلەرزەكە زیانی بە بەنداوەكە گەیاند, بۆیە بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ دوو یەكە كەمتر بووەتەوە و بە شێوەیەكی گشتی بەرهەمی كارەبا زیاتر لە ٢٠٠ میگاواتەوە بۆ خوار ١٢٠ مێگاوات كەمی كردووە, یان هەندێ جار یەك یەكە كاری كردووە كە بڕەكەی ٧٠ مێگاواتە.

لای خۆیەوە عەبدورەحمان عەلی, بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە "وشە"ی راگەیاند, بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەنداوەكە گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە, ئەوەش وای كردووە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا كەمبێتەوە و گۆڕانكاری بەسەر بێت.

زیاتر گوتی, پێشتر لە سێ مانگی هاوین زۆرترین كارەبا لە بەنداوەكە بەرهەم دەهات, بەڵام ئێستە ئەو ئاوەی دێتە بەنداوەكە هەمووی بەر دەدرێتەوە، بەوەیش بڕی بەرهەمهێنان كەمبوەتەوە, ئەوەیش بەهۆی ئەو بوومەلەرزەی ساڵی رابردوو بەر بەنداوەكە كەوت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل