ئاشكرا بوو.. میسی تەنیا یەك پێكانی نییە؟

:: AM:10:55:21/10/2018 ‌

رۆژنامەنووسێكی ناوداری ئیسپانی ئاشكرای كرد كە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنە تەنیا یەك پێكانی نییە كە لە یارییەكەی دوێنێ شەموو بەرامبەر یانەی سڤیلییە تووشی هات.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی نۆیەمی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 4-2 لە یانەی سڤیلییەی بردەوە.

لە یارییەكدا و لە خولەكی 24 میسی شكانی قۆڵییەوە بەناچاری یاریگەی جێهێشت و نەیتوانی یارییەكە تەواو بكات، هەرچەندە لە سەرەتادا ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كردبوو و لە خولەكی 2 گۆڵێكی بۆ فیلیپ كۆتینیو دروست كردبوو و لە خولەكی 12ش گۆڵێكی تۆمار كردبوو.

لای خۆیەوە ماڵپەڕی فەرمی یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرای كرد: دوای پشكنینە پزیشكییەكان دەركەوتووە میسی تووشی شكانی قۆڵی بۆتەوە و بەهۆیەوە بەلایەنی كەم بۆ ماوەی 3 هەفتە لە یاریكردن دادەبڕێ.

ریكاردۆ توركیمادا بە رادیۆی كەتەلۆنیای راگەیاند: میسی تەنیا یەك پێكانی نییە وەك ئەوەی لە بەیاننامە فەرمییەكەی یانەی بەرشەلۆنەدا هاتووە، بەڵكو دوو پێكانی قورسی هەیە.

زیاتر گوتی: پشكنینە پزیشكییەكان دەریان خستووە جگە لە شكانی قۆڵی، میسی هەروەها تووشی لێكترازانی ماسوولكەكانی شانی راستیشی هاتووە كە ئەمەش پێكانێكی قورسە و پێوستی بە ماوەیەكی درێژی پشوو و چارەسەری هەیە تا بەتەواوەتی چاك دەبێتەوە.

رۆژنامە ئیسپانییەكە هەروەها پێشبینی كرد ماوەی دووركەوتنەوەی میسی زیاتر بێت لە 3 هەفتە وەك ئەوەی یانە كەتەلۆنییەكە لە بەیاننامەكەدا رایگەیاندووە.

جێی باسە میسی بەهۆی ئەم پێكانانەوە لە یارییەكەی چوارشەمی داهاتوو لە گەڕی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی یاری ناكات و هەروەها رۆژی یەكشەمی داهاتووش بەشداری لە یاریی كلاسیكۆی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید ناكات و رەنگە نەتوانێ تا دوای ناوەڕاستی مانگی داهاتوو هیچ یارییەك ئەنجام بداتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م