یەكێتی هەڵوێستی فەرمی خۆی لەسەر ئەنجامەكان ڕاگەیاند

:: AM:11:06:21/10/2018 ‌
گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵوێستی حزبەكەی بەشێوەیی فەرمی لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان گەیاند و گوتی، ئەنجامەكان قبووڵكراون.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی تشرینی یەكەم، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی فەرمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 30ـی ئەیلوول قبووڵكراوە.

گوتەبێژی یەكێتی گوتی، دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی تێبینی خۆمان لەسەر پرۆسەكە دەخەینەڕوو.

دوای لێدوانەكەی بۆ "وشە" پیرە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، ئێمە دەرگەمان كراوەتەوە بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو لەگەڵ لایەنەكان.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوول 21 كورسی بەدەستهێناوە و بە حزبی دووەم دادەنرێت.

بەپێی ئەنجامەكانی كۆتایی براوەكەی حزبەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 45 كورسی و یەكێتی 21 كورسی و گۆڕان 12 كورسی و نەوەی نوێ‌ هەشت كورسی و كۆمەڵ حەوت كورسی و یەكگرتوو پێنج كورسی و هاوپەیمانی یەك كورسی و حزبی شیوعی یەك كورسی.

ڕۆژی یەكشەم 30ـی ئەیلوول هەڵبژارنەكان خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو و تێیدا 700 كاندید لە 29 حزب و قەوارەی جیاواز كێبەركێیان كرد لەسەر بەدەستهێنانی 111 كورسیی پەرلەمان.



وشە - رامیار جەواد