هەڵوێستی پارتی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی كوردستان

:: AM:11:30:21/10/2018 ‌
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پاری دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەنجامەكان ڕادەگەیەنێت و ئاشكرای كرد، بەهۆی سكاڵاكانەوە 45 هەزار دەنگمان كەم كرایەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی تشرینی یەكەم، خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەوەی بەلای پارتییەوە گرنگە پرۆسەی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان بەشێوەی ڕێكوپێك بەڕێوە بچێت و ئەو پرۆسەیە بەردەوامی هەبێت.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەكانی پارتی گوتی، ئێمە دڵخۆشین بە ئەنجامەكان و بەر لە هەڵبژاردنەكانیش لە پێشوو لە هەفتەنامەی "وشە" ئاشكرامان كردبوو پارتی نزیكەی 45 كورسی بەدەست دەهێنێت، ئەوەیش بەهۆی ئەو شیكارییانەی خۆمان بۆ دەنگەكانمان كردبوو.

گۆران ئاشكرای كرد، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان ڕاستە دڵخۆشی كردووین و سەركەوتنێكی گرنگمان بەدەستهێناوە، بەڵام پێویستە بزانرێ پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی ئەو سكاڵایانەی لە كۆمسیۆن تۆمار كرابوو، نزیكەی 45 هەزار دەنگی كەم بووەتەوە.

بەپێی ئەنجامەكانی كۆتایی براوەكەی حزبەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 45 كورسی و یەكێتی 21 كورسی و گۆڕان 12 كورسی و نەوەی نوێ‌ هەشت كورسی و كۆمەڵ حەوت كورسی و یەكگرتوو پێنج كورسی و هاوپەیمانی یەك كورسی و حزبی شیوعی یەك كورسی.

ڕۆژی یەكشەم 30ـی ئەیلوول هەڵبژارنەكان خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو و تێیدا 700 كاندید لە 29 حزب و قەوارەی جیاواز كێبەركێیان كرد لەسەر بەدەستهێنانی 111 كورسیی پەرلەمان.



وشە - رامیار جەواد