تاڵەبانی یاسا پێشێل دەكات

:: PM:05:01:21/10/2018 ‌
بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان، بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ گۆڕا و كەسێكی تر لە شوێنەكەی دادەنرێت.

بە پێی زانیارییەكانی "وشە" هەفتەی رابردوو قوباد تاڵەبانی واژووی لەسەر لابردنی ئەزوەر مەحموود بەڕێوەبەری ئێستەی دەروازەی باشماخ كردووە و لە بری ئەو لیوا مەریوان شێخ كەمال دانراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، مەهدی مەحموود ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی یاسا هەر بەڕێوەبەرێك یەكەم جار لە پۆستەكەی دادەنرێت، دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگا متمانەی پێ بدا.

زیاتر گوتی، بۆ ئاڵوگۆڕی هەر پۆستێك دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگا ئاگادار بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستە ئەنجوومەنی پارێزگا لە گۆڕانكاری زۆربەی پۆستەكان ئاگادا نەكراوەتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتریش قوباد تاڵەبانی چەندان گۆڕانكاری لەژێر بڕیاری یەكێتی لە پۆستە ئیدارییەكاندا كردبوو بەبێ‌ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە وردەكارییەكەی ئاگادار بكرێنەوە.

سلێمانی/ هەستیار



وشە - سه‌رخێڵ هاشم