فێڵێكی تری حزبە دەسەڵاتدارەكان دژ بە حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی ئاشكرا دەبێت

كڕینی كەسانی سەربەخۆ و كاندید كردنیان نوێترین فێڵی حزبە بۆ حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، موقتەدا سەدریش لە نامەیەكدا داوای لێپرسینەوە و هەڵدانەوەی دۆسیەی رابردوو دەكات. پەرلەمانتارێكیش دەڵێ حزبە دەسەڵاتدارەكان رێگە نادەن عادل عەبدولمەهدی بە ئارەزووی خۆی پۆستی وەزارەتەكان بە كەسانی بە توانا و شارەزا بدات.

لە هەفتەی سێیەمی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بۆ رۆژی سێیەم لەسەر یەك عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ سەركردەی هێزە سیاسییە جیاوازەكان بە كورد و سوننەوە، كۆ دەبێتەوە بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر ناوی ئەو كاندیدانەی هێزە سیاسییەكان بۆ پشكی خۆیان لە وەزارەتەكان داویانە بە عەبدولمەهدی، چەند بەرپرسێكیش دەڵێن سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو چەندان ناوی لە هێزە شیعی و سوننی و كوردەكان رەت كردووەتەوە كە پێشتر ئەوانی ناسیوە و پۆستی حكوومی یان حزبیان هەبووە، داوای لێكردوون ناوی تری بۆ بنێرن.

بەرپرسانی نزیك لە عادل عەبدولمەهدی ئاشكرای دەكەن كە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو داوای لە راوێژكارانی كردووە كە توێژینەوەیەك لە بارەی ناوی كاندیدانی هێزە سیاسییەكانی بۆ ئامادە بكەن، دەستنیشانی شێوەی بیركردنەوە و مێژووی سیاسییان بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم، وەزیرێكی باڵای حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادی ئاشكرای كرد كە حزبە سیاسییەكان، بەتایبەت حزبە گەورەكان كە خاوەنی هەژموون و سەرمایەن، هەر لە سەرەتای راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە هەوڵی رازیكردنی كەسایەتییە كۆمەڵایەتییە بەناوبانگەكانی كۆمەڵگەی عێراقین، چ ئەوانەی ئەفسەری پلە باڵان یان ئەوانەی خاوەنی بڕوانامەی بەرزن لە هەموو پارێزگاكان، ئەویش بە ئامانجی ئەوەی وەك كاندیدی سەربەخۆ ناوەكانیان بدەن بە عادل عەبدولمەهدی.

ئەو وەزیرە روونی كردەوە، ئەو حزبانە دیدار و گفتوگۆیان هەبووە لەگەڵ لیستێك لەو ناوانە لە هەموو پارێزگاكان، بەتایبەت لەگەڵ ئەو كەسایەتییانەی كە كاریگەرییان هەیە و پۆستی وەزارەتیان بۆ خستوونەتەڕوو، لەمەیشدا توانیویانە بەشێكی زۆریان رازی بكەن بە پێدانی پارە و پشتگیری تەواو، گوتی "ئەوان، ئەو ناوانە وەك كاندیدی سەربەخۆ پێشكەش بە عادل عەبدولمەهدی دەكەن كە كڕیویانن، ئەگەریش پۆست وەربگرن ئەوان ناتوانن لە بڕیاری حزب بچنە دەرەوەوە، ئەمە نوێترین رێكارە بۆ بەزاندنی مەرجەكانی حكوومەتێكی سەربەخۆ و تەكنۆكڕات كە عادل عەبدولمەهدی كاری بۆ دەكات".

 كەسایەتییە سیاسییەكان دووپاتی دەكەنەوە كە حزبەكانی دەسەڵات رێگە نادەن عادل عەبدولمەهدی حكوومەتێك پێك بێنێت كە ئەوان رۆڵی گەورەیان تێیدا نەبێت.

عەباس بایر، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی بنیادنان "بنا‌و" ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە حزبە دەسەڵاتدارەكان رێگە نادەن عادل عەبدولمەهدی بە ئارەزووی خۆی پۆستی وەزارەتەكان بە كەسانی بە توانا و شارەزا بدات، گوتی، "وەك پەرلەمانتاران دەمانەوێت دەستنیشانكردنی وەزیرەكان بەگوێرەی پێوەری پیشەیی بوون بێت دوور لە موجامەلە، بۆیەش داوا لە عادل عەبدولمەهدی دەكەین كە لەهەر پارێزگایەك كەسایەتییەك دەستنیشان بكات بەگوێرەی پێوەری شارەزایی و تایبەتمەندی و توانای ئەو كەسە".

پرسی دزەكردن و بڕینی پێوەرەكانی عادل عەبدولمەهدی لە كاتێكدایە لیستە سیاسییەكان داوایان لە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كردووە لە دەستنیشانكردنی وەزیرەكاندا رەچاوی مافی نوێنەرایەتی پارێزگاكان بكات و هەر پارێزگایەك بەگوێرەی ژمارەی دەنگەكانی پۆستی وەزارەتی پێ بدات.

بەسمە بەسیم، پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای نەینەوا دەڵێ، پێویستە عادل عەبدولمەهدی رەچاوی دۆخی نەینەوا و پەرلەمانتارانی بكات و لە پارێزگاكانی تر جیایان بكاتەوە، پۆستی وەزیرێك بدرێت بە یەكێك لەو 24 ئەندام پەرلەمانەی ئەو شارە وەك ماف و دەستكەوتی هەڵبژاردن.

زیاتر گوتی، "ناكرێت هیچ پۆستێكی وەزارەت بە پەرلەمانتاری مووسڵ نەدرێت كە خەڵك دەنگی پێداون، ئەگەر پۆستیان پێ نەدرێت مانای وایە رۆڵی ئەوان پەراوێز خراون.
 
چاودێران پێیان وایە هەوڵەكانی عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی دوور لە هەژموونی حزبەكان بەسەرییەوە لە كاتێكدایە خۆی هیچ لیستێكی پەرلەمانی نییە دەنگ بۆ كابینەكەی بدات و متمانەی پێ بدات، جگە لەمەیش كات لە بەرژەوەندی ئەودا نییە.

پێوەند بە گوشارەكانی سەر عادل عەبدولمەهدی، موقتەدا سەدر لە نامەیەكی كراوەدا بۆ عادل عەبدولمەهدی دەڵێ چەندان دۆسیە چاوەڕوانی عەبدولمەهدی دەكات، گرنگترینیان بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكاران و هەڵدانەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی ساڵانی رابردوو، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری رێكخراو كە هێز و لایەنی سیاسی لە پشتەوەی ئەنجامدانی ئەو كردەوانەن، بڵاو بوونەوەی مادەی هۆشبەر و هەڵاتن و خۆدزینەوە لە باج، گەندەڵی دارایی و كارگێڕی و دزینی نەوت و بنەبڕ كردنی بێكاری.

حاكم زاملی، سەركردە لە رەوتی سەدر كە نامەی گەیاندووە بە عەبدولمەهدی دەڵێ بەرەنگاربوونەوەی حزبەكان لە دەستگرتن بەسەر جومگە سەرەكییەكانی دەوڵەت بەتایبەت حزبی دەعوە كە ئەو جومگانە بەشی زۆریان كەسانی سەر بەو حزبە بە وەكالەت بەڕێوەیان دەبەن، ئەركی سەرەكی عەبدولمەهدی دەبێت بۆ لێدان لە دەوڵەتە قوڵەكەی حزبی دەعوە لەناو دەوڵەتی عێراقدا كە ماوەی 10 ساڵ زیاترە لەو پۆستانەدان، ئێستەیش بە موڵكی خۆیان دەزانن.

ئەمە لە كاتێكدایە هێشتا عەبدولمەهدی پۆستە سەروەرییەكانی یەكلا نەكردووەتەوە كە خۆی لە وەزارەتەكانی دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، نەوت و دارایی دەبینێتەوە، كە حزبەكان ململانێی توندی لەسەر دەكەن.

سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی نیشتمانی كە ئەیاد عەلاوی سەركردایەتی دەكات، ئاشكرای دەكات كە عەلاوی هەڕەشەی بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی كردووە ئەگەر وەزارەتی بەرگری بە لیستەكەی ئەو نەدرێت، ئەمە لە كاتێكدایە هاوپەیمانی نیشتمانی وەزارەتەكانی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، خوێندنی باڵا و پیشەسازی بۆ دانراوە، بەڵام هاوپەیمانی نیشتمانی پێداگیرە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی بەرگری.
 
 سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت وەزارەتە سەروەرییەكان لە دەستی حزبە گەورەكاندایە نەك سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، ئەگەرچی وەزارەتی ناوخۆ بۆ سوننە یەكلایی بووەتەوە، بەڵام لەناو سوننەكاندا ركابەری هەیە كە پۆستەكە بۆ كام هێز بێت. جگە لەمە كوردیش داوای وەزارەتی دارایی دەكات، بەڵام نووری مالیكی و ئوسامە نوجێفی رایان گەیاند كە هیچ پۆستێكی سەروەری وەرناگرن و خۆیان سەرقاڵی خۆرێكخستنەوەی حزبی دەكەن، بەڵام عەبادی ئامادەیە پۆستێكی سەروەری وەرگرێت لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی.



وشە - فه‌رمان سادق


PM:07:01:21/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 307 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌