دووكانێكی فه‌لافل له ویلایه‌تی تێنه‌سیی ئه‌مه‌ریكا كه خاوه‌نه‌كه‌ی په‌نابه‌رێكی سوورییه خه‌ڵاتی باشترین جێگه‌ی ئه‌مه‌ریكای برده‌وه.
یاسین خاوه‌نی دووكانی "
خانووی فه‌لافلی یاسین"ه له ویلایه‌تی تێنه‌سی و دووكانه‌كه‌ی كردووه‌ته جێگه‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌هه‌موو جۆره ڕه‌گه‌ز و چین و توێژێك و هه‌موو كه‌سێك به‌بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی خاوه‌نی چ باوه‌ڕ و ئاینێكه بێ جیاوازی به‌جوانترین شێواز پێشوازی لێ ده‌كرێت و له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه یاسین ده‌یه‌وێت په‌یامی ئاشتی به هه‌موو كڕیاره‌كانی بدات.
كاتێك ده‌چیته ژووره بۆ ناو دووكانه‌كه‌ی یاسین، به به‌رزی نووسراوه " هه‌موو قه‌باره‌كان، هه‌موو ڕه‌نگه‌كان، هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان، هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كان، هه‌موو كولتووره‌كان، هه‌موو ئاینه‌كان، هه‌موو جۆره‌كان، هه‌موو باوه‌ڕه‌كان، هه‌موو كه‌سێك، سه‌لامه‌ت و ئارامه له دوكانی فه‌لافلی یاسین."
یاسین په‌نابه‌رێكی وڵاتی سوریایه و به‌ر له حه‌وت ساڵ له‌مه‌و پێش ڕووی له وڵاتی ئه‌مه‌ریكا كردووه به‌هۆی باری ناله‌باری سووریا به‌هۆی جه‌نگ و كوشتاره‌وه.
هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا گران بووه بۆ یاسین ژیان له ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی زمانی ئینگلیزی فێربووه توانیویه‌تی زیاتر به‌باشی ژیان به‌ڕێ بكات و له‌گه‌ڵ ڕق و كینه‌دا هه‌ڵبكات، یاسین گوتی " كاتێك خۆشه‌ویستی ده‌كه‌یت و خۆشه‌ویستی به خه‌ڵكدا بڵاوده‌كه‌یته‌وه، تۆ به‌هێزتر ده‌بیت له‌و كه‌سه‌ی ڕق ده‌به‌خشێت."
شایه‌نی باسه زۆربه‌ی شاگردانی دوكانه‌كه‌ی یاسین به‌هه‌مان شێوه په‌نابه‌رن، به‌هۆی ئه‌و هاوڕێبوون و ڕووخۆشییهی له‌گه‌ڵ كڕیاراندا و ئه‌و په‌یامه ئاشتی و خۆشه‌ویستییه‌ی بڵاوی ده‌كاته‌وه ته‌واو سه‌رنجی ئه‌مه‌ریكاییه‌كانی به‌لای خۆیدا ڕاكێشاوه، دواجار له‌لایه‌ن گۆڤاری "ڕیدێرز دایجێست" خه‌ڵاتی باشترین و جوانترین جێگه‌ی ئه‌مه‌ریكای به‌ده‌ست هێنا.
وشه/ محه‌مه‌د شابان