ترەمپ رێككەوتنی چەكی ئەتۆمی لەگەڵ رووسیا هەڵوەشاندەوە

:: PM:09:16:21/10/2018 ‌
دۆناڵد ترەمپ، رووسیا تۆمەتبار دەكات بە پێشێلكردنی پەیماننامەی چەكی ئەتۆمی مەودا مامناوەند و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیمانناكە دەدات. سیناتۆرێكی رووسیش دەڵێ، ئەمەریكا دنیا دەگەڕێنێتەوە سەردەمی جەنگی سارد، ئەمە لەكاتێك دایە جۆن بۆڵتن لەسەر ئەو پرسە ئەم هەفتەیە سەردانی رووسیا دەكات.

دوای كشانەوەی وڵاتەكەی لە چەندان رێككەوتنامە، لەوانە رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران و پاراستنی ژینگەی جیهان و كۆمەككردنی ئاوارە فەڵەستینییەكان، ئەمجارە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری كشانەوەی وڵاتەكەی لە پەیماننامەی چەكی ئەتۆمی لەگەڵ رووسیا راگەیاند دوای 30 ساڵ لە بەردەوامبوونی.

سەرۆكی ئەمەریكا، رووسیای تۆمەتبار كرد بە پێشێلكردنی پەیماننامەكە بەوەی ماوەی "چەندین ساڵە" رووسیا پێشێلی پەیماننامەكەی كردووە كە ئەمەریكا و یەكێتی سۆڤیەتی جاران ساڵی 1987 بەستبوویان، دەڵێ ئەوان رێز لە پەیماننامەكە ناگرن و ئێمەش كۆتایی پێ دێنین.

بڕیارە سبەی دووشەم 22ی ئۆكتۆبەر، جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا سەردانی مۆسكۆ بكات و لەگەڵ بەرپرسانی رووسی كۆ ببێتەوە. لە ماوەی دوو رۆژی مانەوەی لە مۆسكۆ، بۆڵتن پرسی كشانەوەی ئەمەریكا لە پەیماننامەی چەكی ناوەكی مەودا مامناوەند لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا تاوتوێ بكات.

پەیماننامەی چەكی ئەتۆمی مەودا مامناوەند لە ساڵی 1987 لە نێوان رۆناڵد ریگان، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا و میخائیل گۆرباتچۆڤ، سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەت واژوو كرا، دوای ئەوەی یەكێتی سۆڤیەت مووشەكی مەودا 500 بۆ پێج هەزار كیلۆمەتری بڵاوە پێ كرد كە ئاراستەكەشی روو لە پایتەختەكانی وڵاتانی ئەوروپی بوو، ئامانجیش لە پەیماننامەكە دانانی ئاستێك بوو بۆ بڵاوە پێ نەكردنی ئەو جۆرە مووشەكانە.
 
دۆناڵد ترەمپ رەخنەی ئەوەیش لە باراك ئۆباما سەرۆكی پێشتری ئەمەریكا دەگرێت كە بۆچی لە پەیماننامەكە نەكشاوەتەوە یان گفتوكۆی لەسەر نەكردووە؟، دەڵێ ماوەی چەندان ساڵە رووسیا پێشێلی رێككەوتنەكە دەكات، گوتی، "رێگە نادەین پێشێلی پەیماننامەكە بكات و لە پشتەوەی رێككەوتنەكە مووشەك دروست بكات و بۆ ئێمەش قەدەغە بێت، ئێمە رێزمان لە پەیماننامەكە گرتووە، بەڵام رووسیا پێشێلی كردووە".
 
هەڕەشەكانی ترەمپ لە كاتێكدایە مۆسكۆ مووشەكی لە جۆری "9M 729" بڵاوە پێ كردووە و واشنتنیش پێی وایە مەوداكەی 500 كیلۆمەتر زیاترە و ئەمەش بە پێشێلكردنی پەیماننامەكە دەزانێت.

بەگوێرەی پەیماننامەكە بەشێكی زۆری مووشەكەكانی كە توانای گەیشتن بە ئامانجیان لە دووری 500 بۆ پێنج هەزار كیلۆمەتر، رەت كردەوە، بەمەیش بووە رێگریكردن لە هەڵگیرساندنی جەنگێكی چاوەڕوان كراو لە كیشوەری ئەوروپا.
 
پێوەند بە پەیماننامەكە، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رای گەیاند كە ئەمەریكا پێی وایە تاكە هێزی بە هەژموونە لەسەر هەموو دنیا، ئەمەیشە وایكردووە بڕیاری كشانەوە لە پەیمانناكە لە بارەی چەكی ئەتۆم بدات كە واشنتن و مۆسكۆ لە سەردەمی جەنگی ساردەوە تا ئێستە بەیەكەوە گرێ داوە، گوتی، "پاڵنەری سەرەكی ئەوەیە كە ئەمەریكا خەون بە تاكجەمسەری دەبینێت، ئەو خەونەیش نایەتە دی".

هاوكات سەرچاوەیەكی تری رووسی ئاشكرای كرد كە رووسیا چەندانجار ئیدانەی سیاسەتەكانی ئەمەریكای كردووە بە رەتكردنەوەی رێككەوتنامەكە، گوتی "واشنتن نزیكبووەتەوە لەو هەنگاوە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا"، زیاتر گوتی، "بڕیارەكە لە سیاسەتی ئەمەریكاوە هەڵقوڵاوە كە ویستی كشانەوەی هەیە لە رێككەوتنامەیەكی نێودەوڵەتی و یاسایی كە بەرپرسیاریەتی یەكسان دەكەوێتە سەر شانی هەردوولا و هاوبەشانی".

لای خۆیەوە ئەلیكسی بۆشكۆڤ، سیناتۆری رووسی لە تویتێكدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەنووسێ، كشانەوەی لەو پەیماننامەیە دەبێتە دووەمین گورز كە دۆناڵد ترەمپ لە سەقامگیری ستراتیجی جیهانی دەدات، دوای كشانەوە لە پەیماننامەی مووشەكی بالیستی ساڵی 2001، گوتی "جارێكی تر ئەوە ئەمەریكا لایەنی دەستپێشخەر لە كشانەوەكە".

هەر پێوەند بەو پرسە یاساناسی رووس، كونستانتین كوساشیف لەسەر فەیسبووكی تایبەتی خۆی دەنووسێت، لێكەوتەكانی كشانەوە لەو پەیماننامەیە كارەسات دەخوڵقێنێت، دەڵێ كۆتایی هێنان بەو رێككەوتنە كاریگەری لەسەر درێژكردنەوەی پەیماننامەی چەكە ستراتیژییەكانیش دەبێت كە ساڵی 2021 كۆتایی دێت، گوتی "مرۆڤایەتی لەژێر هەڕەشەیەكی گەورەی چەكی ئەتۆمدایە".

نیشاندانی مەترسییەكانی كشانەوەی ئەمەریكا لە پەیماننامەكە لە كاتێكدایە واشنتن پێداگیرە لەسەر ئەوەی مۆسكۆ پێشێلی پەیماننامەكەی كردووە و مووچەكی مامناوەندی برەو پێداوە بەناوی "نۆڤاتۆ9 M 729" كە لای ناتۆ بە مووشەكی "SSC-8" ناسراوە، كە رووسیا بەو مووشەكە لە ماوەیەكی كەمدا دەتوانێت گورزێكی ئەتۆمی لە وڵاتانی ناتۆ بدات، بەڵام تا ئێستە رووسیا لەسەر ئەو پرسە هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمی نەداوە.

هاوكات رۆژنامەی "نیویۆڕك تایمز" لە ژمارەی رۆژی هەینی رابردوو 19ی ئۆكتۆبەر، بڵاوی كردەوە كە ئەمەریكا بژاردەی كشانەوە لە پەیماننامەكە تاتوێ دەكات وەك هەوڵێك بۆ بەگژداچوونەوەی بوونی سەربازی چین لە رۆژئاوای زەریای هێمن، بەو پێیەی چین لەو وڵاتانە نییە كە واژووی لەسەر پەیماننامەكە كردبێت، بەمەیش دەرفەتی بۆ رەخساوە كە پێشخستنی مووشەكی مامناوەند بەبێ هیچ مەرجێك.
 
"نیویۆڕك تایمز" دەڵێ، باراك ئۆباما رەخنەی لە رووسیا گرتووە لەسەر پێشێلكردنی پەیماننامەكە، بەڵام بەهۆی گوشاری وڵاتانی ئەوروپا بڕیاری كشانەوەی نەداوە وەك هەوڵێك بۆ رێگرتن لە دەستپێكردنەوەی كێبڕكێی خۆ پڕ چەككردن.



وشە - فه‌رمان سادق