لە سەرەتای ئەم مانگەوە نرخی نەوت 9% دابەزیوە

:: AM:09:19:22/10/2018 ‌


ئەمڕۆ دووشەم هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە دەستی پێ كرد و لە دەستپێكی بازاڕەكەش نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی، بەڵام دواتر رووی لە بەرزبوونەوە كردەوە. لە سەرەتای ئەم مانگەوە سەرووی حەوت دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلیك نەوت دابەزیوە كە دەكاتە نزیكەی 9%.

بەگویرەی dailyfx هەفتەی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 79 دۆلار و 98 سەنت داخرابوو. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم نرخی نەوت تا 79 دۆلار و 60 سەنت دابەزی، بەڵام دواتر ئاراستەكەی گۆڕی و ئێستە هەر بەرمیلێكی بە 80 دۆلار و 3 سەنت دەفرۆشرێت.

هەفتەی رابردوو بازاڕێكی باش نەبوو بۆ نەوت و نرخەكەی بۆ دووەم هەفتەی لەو دوای یەك دابەزینی تۆمار كردبوو. دوو هەفتە پێشترنرخی نەوت تا نزیكەی 87 دۆلار هەڵكشابوو.


نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە دابەزین كردووە كە هەمووی نزیكەی دوو هەفتەی ماوە قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا لە دژی ئێران دەست پێ بكات.

لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵ بڕیارە ئەمەریكا بە پراكتیكی رێگە لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بگرێت و بەم كارەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاستی سفر دابەزێنێت.

تاكە مەترسییەك كە بۆ سەر ئەمەریكا لە ئارادایە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە بەڵام وا پێ دەچێت ئەمەریكا لە دانوستان و سیاسەتە ناوچەییەكان بۆ پرسی كەمیی نەوت لە بازاڕەكان سەركەوتوو بووبێت  وئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا ئەمەریكا سوورتر دەبێت لەسەر سەپاندنی سزا قورسەكە لە دژی ئێران.

ئێران هەموو هەوڵێكی ئەوەیە نرخی نەوت بەرز ببێتەوە و بەم كارەش قەرەبووی كەمیی هەناردەی نەوتەكەی بكرێتەوە. بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئیڕان لە چەند رۆژی رابردوودا باسی لەوە كرد كە هیچ وڵاتێك ناتوانێت قەرەبووی كەمیی نەوت لە بازاڕەكان بكاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان