دوای شكستی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، بەرپرسان و هەڵسوڕاوانی ئەو حزبە بە فرەوانی هەڵمەتی دەست لەكار كێشانەوەیان دەست پێكردووە و دواترینیان بەڕێوەبەری كەناڵی كەی ئێن ئێنی زمانحاڵی گۆڕانە كە دەستی لە حزبەكە و پۆستەكەی كێشایەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 22ـی تشرینی یەكەم، یاسین عومەر بەڕێوەبەری كەناڵی كەی ئێن ئێن لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردۆتەوە، منیش ماندووم و پێویستم بە پشووە، نازانم چۆن و كەی و لە كوێوە دەست پێ دەكەمەوە.
بەڕێوەبەری پێشووی كەناڵێ كەی ئێن ئێن ئاشكرای كردووە، من چیتر لەسەر هیچ دەزگا و دامەزراوە و لایەنێك ماڵ نییم و مرۆڤێكی ئاسایی ماڵەكەی خۆمم.
دوێنێش محەمەد عەلی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، بە دڵێكی پڕ لە خەم و نائومێدییەكی قوڵەوە، دەست لەكاركێشانەوەم لە پۆستی ڕێكخەری ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی جڤات ڕادەگەیەنم.
دەست لەكاركێشانەوەی ئەو دوو بەرپرسەی بزوتنەوەی گۆڕان لە كاتێكدایە پێش هەڵبژاردنەكان دەنگی ناڕەزایەتی لەناو بزووتنەوەكە بەرز بوویەوە و چەند ئەندامێكی ئەو حزبە لەلایەن ڕێكخەری بزوتنەوەكە بڕیاری دەركردنیان بۆ دەرچوو.