جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، ئێستە یەكێتی و پارتی بەشێوەیەكی جیاواز گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق دەكەن لە بەغدا و دووپاتیشی كردەوە، كە تا ئێستە پشكی كورد لە وەزارەتەكان و پۆستەكانی حكوومەتی نوێی عێراق یەكلا نەكراوەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 22ـی تشرینی یەكەم، بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە
گفتوگۆیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندووە، بەپێی دەستووری عێراقی تا(2-11) لەبەردەم عادل عەبدولمەهدییە بۆ پێشكەشكردنی كابینەكەی بە پەرلەمان، دوای ئەو وادەیە پەرلەمان ناتوانێت، كابینەكەی قبووڵ بكات.
جێگرەكەی سەرۆكی ئەنجوومەی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كردووە، ئێستە پارتی و یەكێتی بەجیا لە بەغدا گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی دەكەن، بەڵام هێشتا جۆر و چەندێتی وەزارەتەكان یەكلایی نەكراوەتەوە كەكورد داوای دەكات.
ئاماژەی داوە، ڕەنگە (یەك-دووان) لە سیڤی كاندیدە بێ لایەنەكان بۆ پۆستە وەزارییەكان هەڵبژێردرێن ئەوانەی سیڤیان ناردووە، ئەوانی تر سەر بەلایەنە سیاسیەكان دەبن، چونكە لایەنە سیاسیەكان قبوڵ ناكەن، هەروەها مەبەستی عادل عەبدولمەهدیش بۆ دروستكردنی پردی متمانە بوو لە نێوان حكوومەتی داهاتوو و خەڵك، نەك مەبەستی ئەوەبێت كابینەكەی هەمووی یا زۆرینەی خەڵكی بێلایەن بێت.
لە ئەگەری نەگەیشتنی عادل عەبدولمەهدی بە ڕاگەیاندنی كابینەی حكوومەتەكەی ئایە بیر لە چارەسەرێكی تر كراوەتەوە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، دەنگێك هەیە كە ئەگەر عادل نەیتوانی هەموو كابینەكەی پێشكەش بكات ئەوا زۆرینەی ئەو وەزارەتانەی یەكلایی كراونەتەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان بهێنێتە پەرلەمان دەنگی لەسەر پێبدرێت تا لەو كێشە دەستووریە ڕزگاری بێت، هەرچەندە ئێمە پێمان باشە هەموو كابینەكەی پێكەوە بهێنێتە پەرلەمان متمانەی پێ بدرێت.