وەزارەتی پێشمەرگە دامەزراوەیەكی نوێ‌ دەكاتەوە

:: AM:11:33:22/10/2018 ‌
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، دامەزراوەیەكی نوێیان كردۆتەوە لەوێوە سەرجەم چالاكییەكانیان بڵاو دەكەنەوی كە تایبەتە بە وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، وەزارەتی پێشمەرگە بارەگەی سەرەكی سەنتەری میدیای كردەوە تیایدا لەم ساتە بەدواوە هەموو لایەك دەتوانن لە ڕێی ماڵپەر و سۆشیال میدیای وەزارەتی پیشمەرگەوە كە تاكە سەرچاوەی بڵاوكردنەوە و پەخشی هەواڵ وچالاكییەكانی وەزارەتە سوود وەربگرن.

لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرا كراوە، تیمی راوێژكاری ئەڵمانیا لەكردنەوەی سەنتەری میدیا ڕۆڵیان هەبووە و هەوڵەكانیان بەرز دەنرخێن، هەروەها هیوا خوازن تیمە راوێژكارییەكانی هاوپەیمانان بەگشتی هاوكاری سەنتەری میدیا بكەن.

جێی ئاماژەیە میدیا سەنتەر ناوەندێكی راگەیاندنی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە‌ لە رێی ماڵپەرو سۆشیال میدیاو بڵاو كراوە و چاپەمەنییەكانیەوە دەنگ و ڕەنگی  وەزارەتی پێشمەرگە و یەكە‌كانی  تری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەبیت.

وەزارەتی پێشمەرگە دامەزراوەیەكی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و لە لایەن ڕاوێژكار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی ئێستە هەوڵدەدرێت پێشمەرگە بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ ڕێكبخرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش پرۆژەیەكی 35 خاڵیان پێشكەش كردووە.



وشە - رامیار جەواد