ئاماده‌كاری بۆ فیستیڤاڵی تایبه‌ت به هونه‌رمه‌نده میلییه‌كان به‌ره‌و ته‌واوبوونه، به‌م نزیكانه فیستیڤاڵه‌كه به به‌شداری هونه‌رمه‌نده میلییه‌كانی شاره جیاوازه‌كانی كوردستان ساز ده‌كرێت.
له شاری هه‌ولێر، له لایه‌ن سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستانه‌وه، فیستیڤاڵێك بۆ هونه‌رمه‌نده میلییه‌كان ساز ده‌كرێت، كه یه‌كه‌م جاره فیستیڤاڵی له‌و شێوه‌یه‌یان بۆ ساز بكرێت و شتێكی جیاوازیان بۆ ده‌كرێت.
هیوا سوعاد سه‌رۆكى لقى هه‌ولێرى سه‌ندیكاى هونه‌رمه‌ندانى كوردستان له‌باره‌ی ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه به "وشه"ى راگه‌یاند: هونه‌رمه‌ندان له‌هه‌ولێر، به‌سره، به‌غدا، سلێمانى،كه‌ركوك و دهۆك به‌شدارى تێدا ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌ردوو تیپى شاریا و نه‌ورۆز به‌شداری فیستیڤاڵه‌كه ده‌كه‌ن، ئاماده‌كارییه‌كانیش بهرهوتهواوبوون ده‌چن.
زیاتر گوتی: ئامانجمان له‌و فیستیڤاڵه نزیك كردنه‌وه و ئاشناكردنى هونه‌رمه‌نده میللییهكانه به یه‌كترى و سوود گه‌یاندن و بایه‌خدانه به‌و هونه‌ره گرنگه، مه‌به‌ستمان لێی ئه‌وه‌یه فیستیڤاڵه‌كه بكه‌ین به‌نێوده‌وڵه‌تى.
به‌روارى22 و 23ی تشرینی یه‌كه‌م، ئه‌و فیستیڤاڵه و چالاكییه‌كانى ده‌سپێده‌كات، كه له شارى هه‌ولێر سه‌عات چواری ئێواره له پاركى شار له خوار قه‌ڵاى هه‌ولێر ساز ده‌كرێت.
وشه/ شاخه‌وان شێخانى