ناوی راهێنەرە نوێیەكەی ریال مەدرید ئاشكرا بوو

:: PM:01:07:22/10/2018 ‌

ماڵپەڕی بەناوبانگی (ویكپیدیا)ی دۆكۆمێنتاری ناوی راهێنەرە نوێیەكەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشكرا كرد دوای جولین لۆپیتیگی.

بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید بڕیاری كۆتایی داوە و لەچەند سەعاتی داهاتوودا هەواڵی دوورخستنەوەی لۆپیتیگی رادەگەیەنێ.

ماڵپەڕە جیهانییەكە ئاشكرای كرد كە راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید برێتییە لە ئەنتۆنیۆ كۆنتی ئیتاڵی و راهێنەری پێشووی یانەی چێڵسییە.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئاشكرای كردبوو: كۆنتی ئێستا خەریكی كارەكانی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی چێڵسییە كە تا كۆتایی ئەم وەرزە كارابوو.

بەگوێرەی رۆژنامەكە كۆنتی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید دەكات لە یارییەكەی سبەی سێشەم بەرامبەر یانەی ڤیكتۆریا بلزنی چیكی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، هەروەها رۆژی یەكشەمی داهاتووش بەشداری لە یەكەم یاریی كلاسیكۆی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە دەكات.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە، فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ كۆنتی سەرجەم كارەكانی وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی تیپەكەیانی بڕاندۆتەوە و تەنیا ئەوەی ماوە راگەیاندنی دەركردنی لۆپیتیگی و دامەزراندنی راهێنەرە نوێیەكەیە.

ئەگەریش كارەكانی ئیمزاكردنی گرێبەستەكەی كۆنتی درێژە بكێشێ، ئەوا بەشێوەیەكی كاتی سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری تیپی لاوانی یانەی ریال مەدرید ئەركی راهێنەرایەتی تیپی یەكەم وەردەگرێ، واتە دەركردنی لۆپیتیگی بەهەموو شێوەیەك یەكلایی بۆتەوە و تەنیا راگەیاندنی هەواڵەكە ماوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م