پۆلیسی هەولێر هۆكاری خۆ كوشتنی مەلاكەی هەولێر ئاشكرا دەكات

:: PM:01:26:22/10/2018 ‌

پۆلیسی پارێزگەی هەولێر هۆكاری خۆكوشتنی مەلا ئاینییەكەی هەولێر ئاشكرا دەكات و دۆسیەی لێكۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی تشرینی یەكەم، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگەی هەولێر بڵاوی كردۆتەوە، ئەمڕۆ ڕێكەوتی (۲۲/۱۰/۲۰۱۸)  سەعات 10ـی بەیانی پۆلیس ئاگەدار كرانەوە بە بوونی ڕووداوێكی خۆكوژی لە (مزگەوتی شێخ مستەفا) دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداو دەركەوت كەوا مامۆستایەكی ئایینی بە ناوی (عەبدوڵا ئەحمەد ) تەمەن(۷۱) ساڵ گوللـەیەكی لە خۆیداوەو بۆتە هۆی گیان لە دەست دانی.

پۆلیسی ئاشكرای كردووە، لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە كە ناوبراو نەخۆشی دەروونی هەبووە، تەرمەكە هەڵگیراوەو ڕەوانەی پەیمانگەی پزیشكی دادی كرا.

ئاماژە دراوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە كراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر كرا، دادوەر بڕیاریدا بە وەرگرتنی گوتەی داواكارانی مافی كەسی مردوو، لێكۆڵینەوش بەردەوامە بۆ گەیشتن بە هۆكاری ڕاستەقینەی ڕووداوەكە.

پێشتر نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو مامۆستایە خانەنشین كرابوو لە ڕابردوو، بەلام ئێستە بەشێوەی گرێبەست كاری دەكرد.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، تا ئێستە ئێمە نازانین مەلا عەبدوڵا ئەحمەد بۆچی خۆی كوشتووە، لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم ڕووداوە دەكرێ.



وشە - رامیار جەواد