یه‌كگرتوو بڕیاری دا ..به‌شداری حكوومه‌ت ناكات و ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن

:: PM:01:34:22/10/2018 ‌
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاری بەشداری كردنی لە پەرلەمانی كوردستان وەكو حزبێكی ئۆپزسیۆن بۆ خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەركرد.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی تشرینی یەكەم، بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە تێیدا هاتووە، ئەمرۆ دووشەم بەرواری 22/10/2018 ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەیەكی نائاسایی سازكرد بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و چۆنیەتیی هەڵوێست وەرگرتن لەو بارەیەوە. 

لە كۆبوونەوەكە ئەنجوومەنی سەركردایەتی بژاردەكانی بەردەم یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و چۆنیەتیی هەڵوێست وەرگرتن لەو بارەیەوە خستە بەرباس و گفتوگۆكردن. 

بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتی دوای تاوتێكردنی ئەنجامی راپرسی كادیران و ئۆرگانەكانی حزب، بریاری دا بەوەی كە یەكگرتوو لەم خولەدا بەشداری كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناكات و وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمان.

لەكۆتاییدا ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرا كراوە، ئەنجوومەنی سەركردایەتی سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەندام و لایەنگر و ئۆرگانەكانی حزب كردوو وهەوڵ و ماندووبوونیانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەرزنرخاند و بەڵێنی دا كە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی حزب كە بریارە لەم رۆژانە ساز بكرێت، بكاتە وێستگەیەك و دەرفەتێك بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی بەخۆداچوونەوەی ریشەیی و دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكان و هۆكارەكانی كەم بوونەوەی دەنگەكان و ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری ناوخۆیی بە مەبەستی خۆ نوێكردنەوە و هەڵسانەوە و تێپەراندنی ئەم قۆناغە نەخوازراوە. 

یەكگرتووی ئیسلامی كەوردستان لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2013 دا 10 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەنگەكانی كەم بۆتەوە و خاوەنی پێنج كورسی پەرلەمانە.




وشە - رامیار جەواد