هەفتەنامەی "وشە" لەچەند ژمارەی ڕابردووی ئاشكرای كرد كە دەرمانی بەهێزكردنی جەستە و لاوازی سێكسی لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە لە هەرێمی كوردستان مامەڵەی پێوە دەكرێت، دوای ئەمەیش پۆلیسی هەولێر لە هەڵمەتێك دا ئەمڕۆ دەستی بەسەر شوێنێك دا گرت.
ئەمڕۆ دووشەم 22ـی تشرینی یەكەم، هۆگر عەزیز گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە لاپەڕەێ تایبەتی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، بەدواداچوونمان كردووە بۆ چەندان جۆر دەرمان و بەهێزكەری سێكسی و جەستەیی دەركەوت فێڵێكی زۆر دەكرێت.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، ئەو دەرمانانە بە ئەمەریكی ئەوروپی بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت دوورە لە ڕاستی و هیچ بنەمایەكی نییە، بەڵكو لە بەدواداچوونمان دەركەوتووە ئەوا ئەو كارگەیە لۆگۆ و وێنەی هاوشێوەی ئەو دەرمانە ئەوروپی و ئەمەریكیانە دروست دەكات.
پۆلیس ئاماژە دەدا، دەست بەسەر شوێن و دەرمانەكانیش گیراوە و داواش لە هاووڵاتیان دەكات دوور بكەونەوە لەو جۆرە دەرمانانە.
هەفتەنامەی "وشە" لەدوو ژمارەی ڕابردوو ئاشكرای كرد لە چەند شوێنێك لە ڕێگەی بازاڕی ئۆنڵاین بەبێ گەڕانەوە بۆ پزیشك كڕین و فرۆشتن بە دەرمان دەكرێت كە بەشێكیان هیچ مەرجێكی تەندروستی تێدا نیە.