سه‌رچاوه‌یه‌ك له پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، دوو وه‌زاره‌تی حكوومه‌تی نوێی عێراق بۆ پارتی یه‌كلایی بووه‌ته‌وه و ناوی كاندیده‌كانیش دیارییكراون، تا ببن به وه‌زیر له حكوومه‌تی نوێی عێراق دا.
سه‌رچاوه‌كه‌ی پارتی به پێگه‌ی "
بغداد الیوم"ی ڕاگه‌یاند، به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كان تا ئێسته سێ وه‌زاره‌ت بۆ كورد یه‌كلایی بووه‌ته‌وه و له‌وانه‌یه زیاتریش ببێ، له‌و سێ وه‌زاره‌ته دووانیان بۆ پارتی مسۆگه‌رن، یه‌كێكیان وه‌زاره‌تی دارایی و ئه‌وه‌ی تریش وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانه.
دووپاتی كرده‌وه، پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی كاندیده وه‌زارییه‌كان پێشكه‌شی حكوومه‌ت ده‌كات و خۆیشی به‌رپرس ده‌بێ له ئه‌دا و كاركردنیان له حكوومه‌ت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هه‌ریه‌ك له فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وه‌زیری دارایی و ڤیان ده‌خیل بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق كاندیدكراون.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م ئه‌شواق جاف په‌رله‌مانتاری پێشووی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرای كرد، ئێمه خۆمان وه‌زیره‌كان دیاریی ده‌كه‌ین و كه‌سانی ته‌كنۆكرات و لێهاتوو بۆ پۆسته وه‌زارییه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین و پێشكه‌شی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كه‌ین.
بڕیاره چوارشه‌می ئه‌م هه‌فته‌یه واته دوو ڕۆژی تر عادل عه‌بدولمه‌هدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكات، تا ئێسته‌یش هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆسته وه‌زارییه‌كان، سه‌رچاوه‌كانیش دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه 70%ی كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی كاره‌كانی ته‌واو بووه و ماوه‌ته‌وه پێشكه‌شی په‌رله‌مانی عێراق بكرێت.