ریال مەدرید ئامادەیە ئەستێرەیەك بفرۆشێ و نرخەكەشی دیاری كردووە؟

:: AM:10:40:23/10/2018 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئامادەیی خۆی پێشانداوە بۆ ساڵی داهاتوو دەستبەرداری یەكێك لە ئەستێرەكانی بێت.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: ئەو ئەستێرەیەی كە یانەی ریال مەدرید ئامادەیە دەستبەرداری بێت ماركۆ ئەسینسیۆیە.

ئەسینسیۆ لەسەردەمی راهێنەرایەتی زێنەدین زێدانی فڕەنسیدا بەشێوەیەكی بەرچاو ئاستی دەركەوت، بەڵام لەم وەرزەدا لەگەڵ جولین لۆپیتیگی راهێنەری نوێی یانەكە تا ئێستا نەیتوانیوە تواناكانی خۆی دەربخات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا دوای رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی، هەلی زیاتر بە ئەسینسیۆ دراوە و خولەكی زیاتریش یاری كردووە.

رۆژنامەكە ئاشكرای كرد كە یانەی شاهانە ئامادەیە بۆ هاوینی داهاتوو بە بەهای 100 ملیۆن پاوەن دەستبەرداری ئەسینسیۆ بێت.

ئەو یانانەش كە بەڕژدی ئامادەن ئەستێرە تەمەن 22 ساڵییەكەی یانەی ریال مەدرید بكڕن برێتین لە چێڵسی ئینگلیزی و پاریس سان جێرمانی فڕەنسی.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م