بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا.. ئێران مووسڵ دەكاتە دەروازەی قاچاغچیەتی

:: PM:04:28:23/10/2018 ‌
لە كاتێكدا ئامادەكاری دەكات بۆ دووەم ساڵیادی رزگاربوونی لە دەستی داعش، مووسڵ دەبێتە دەروازەی بە قاچاغبردنی كەلوپەل و پێداویستی بۆ ئێران كە ئەو وڵاتە بە دەست سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكا گیرۆدە بووە. پەرلەمانتارێكیش داوا لە حكوومەت دەكات ناوچەی بازرگانی مووسڵ دا بخات و ناوی ئەوانەیش ئاشكرا بكات كە تێوەگلاون.

كۆماری ئیسلامی ئێران چاوەڕێی گەڕی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا دەكات، پاش ئەوەی لە مانگی ئاب/ ئۆگستسی رابردوو، گەڕی یەكەمی سزاكانی بەسەردا سەپاند، بۆ دەرچوون و كەمكردنەوەی كاریگەری سزاكان لە رێگەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی مووسڵ دەكاتە دەروازەی قاچاغچیەتی بۆ دابینكردنی پێویستییەكانی.

چەند سەرچاوەیەك لە مووسڵ ئاشكرای دەكەن كە پڕۆسەی بە قاچاغبردنی كەلوپەل لە مووسڵەوە بۆ ئێران دەستی پێ كردووە، لەمەیشدا ئێرانییەكان لەگەڵ كەسایەتییەكان و بەرپرسان و سەركردەی هۆزەكان لە رێگەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە رێككەوتنی كردووە، بەرپرسێكی خۆجێی مووسڵیش دەڵێ گرووپی حزبی و كەسایەتییە دیارەكان بە ئارەزووی خۆیان یاسا لەسەر ناوچەكە جێبەجێ دەكەن.

مووسڵ كە لە رووی جوگرافییەوە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا لەلای رەبیعە، لەلای باكوری رۆژئاوا هاوسنوورە لەگەڵ دهۆك و لە دیوی رۆژهەڵات تا رۆژهەڵاتی باشوورەوە لەگەڵ هەولێر لەگەڵ هەرێمی كوردستان هاوسنوورە.

ئەو ناوچەیەی ئێرانییەكان كردوویانە بە سەنتەری ئاڵوگۆڕ دەكەوێتە نێوان سنووری نێوان دهۆك و مووسڵ، بووەتە ناوچەیەكی پڕ لە گەندەڵیش كە رێككەوتن و مامەڵە لەسەر ئەو كەلوپەلانە دەكرێت كە بە قاچاغ دەبردرێن بۆ ئێران، ئەو ناوچەیەیش لەلایەن گرووپی مافیای سیاسی و عەشیرەتی دەستی بەسەردا گیراوە و بەڕێوە دەبردرێت.

ئەو بەرپرسە خۆجێیەی مووسڵ كە نایەوێت ناوەكەی بڵاو بكرێتەوە، دەڵێ دەیان بارهەڵگری پڕ لە كەلوپەل لە دهۆكەوە دێنە ناوچە بازرگانییەكە، ئەو كەلوپەلانە وەها دەناسێنرێن كە بازرگاكانانی عێراقی هاوردەیان كردووە، بەڵام كاتێك دەگاتە ئەو ناوچەیە دەیان نووسینگەی بازرگانی هەیە كەلوپەلەكان دەكڕێتەوە و هەناردەی ئێرانی دەكات لە رێگەی پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە كە لەلایەن كۆمپانیای تەناهی تایبەتەوە دەپارێزرێن.

زیاتر گوتی، "ئەوانەی لەم پڕۆسەیەدا نێوەندگیری دەكەن، كەسانی سیاسی باڵان لە پارێزگای نەینەوا، بەشێكیان پۆستی جێبەجێكاریان لە پارێزگاكە بە دەستە، لەگەڵ سەرۆك هۆزەكان بە هاوبەشی ئەو كارە دەكەن و پارەیەكی زۆریان دەستدەكەوێت و دابەشی دەكەن لەنێوان خۆیان، مامەڵەكەیش بەشێك لە ناوەندەكانی دەسەڵات لە حكوومەتی عێراقی نەك هەر ئاگادارن، بەڵكو ئەوان مۆڵەتی مامەڵەكردن دەدەن بە نووسینگەكانی بازرگانی تا دەستیان ئاشكرا نەبێت كە ئەوانە سەرقاڵی بە قاچاغبردنی كەلوپەلن بۆ ئێران".

پێوەند بەو پرسە زوهێر چەلەبی، كەسایەتی سیاسی سەربەخۆ كە پێشتر سەرۆكی هێزی پاڵپشتی ئوم رەبیعێن بووە، دەڵێ ئەو بازرگانییە قاچاغییە بە رێككەوتنێكی سیاسی ئەنجام دەدرێت لە نێوان ئێرانییەكان و بەرپرسان و سەرۆك هۆزە عێراقییەكان لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی، تەنانەت مووسڵ لە رووی سیاسی و تەناهی و ئابووری و كارگێڕییەوە لەلایەن نەوفەل عاگوب پارێزگاری مووسڵ فرۆشراوە بە بەغدا، ئەوەی ئێستە كۆنتڕۆڵی مووسڵی بە دەستە و ئیدارەی ئەو ناوچە بارزگانییە دەدات سەركردەی گرووپە مافیاكانن.

چەلەبی، وەزیرێكی پێشتر كە ئێستە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لەسەر پشكی مووسڵ، هاوكات كەسایەتییەكی سیاسی و عەشایەری بەناوبانگی مووسڵە، تۆمەتبار دەكات كە هەڵساوە بە پێكهێنانی گروپێكی چەكدار كە كاری نا یاسایی لە ناوچەی بازرگانی ئەنجام دەدەن و كەلوپەل و پێویستی دەگوازنەوە بۆ شوێنێكی نەزانراو بە ئاگاداری بەرپرسانی حكوومەت.

ئەوئاماژە دەكات، "ئەو گرووپانە تەنیا دەستیان نەگرتووە بەسەر ناوچەی بازرگانی نەگرتووە، بەڵكو كۆنتڕۆڵی دۆخەكەیان كردووە و بڕی 200 دۆلار وەك سەرانە لە شوفێری هەر بارهەڵگرێكیش وەردەگرن بێ ئەوەی ئەو پارەیە بگەڕێتەوە بۆ حكوومەت، بۆیە داوا لە حكوومەت دەكەم كە چارەسەرێكی ئەو دۆخە بكات".

چەلەبی ئەوەیشی روون كردەوە ئەوەی وەزیرەكەی پێشتری حكوومەتی عێراقی ئەنجامی دەدات بە ئاگاداری دەسەڵاتدارانی بەغدایە، ئەو پرسەیش پێشێلكردنی یاسایە و ناكرێت لە بەرانبەریدا بێدەنگ بین كە چەند لایەنێك و وڵاتێك سوود ببینن و مووسڵ بكەنە دەروازەی بازرگانی بە قاچاغبردنی كەلوپەل بۆ ئێران.
 
جێی باسە لە 21ی كانوونی دووەم/ یەنایەری 2017، سوپای عێراق ناوچەی بازرگانی لە دەستی داعش رزگار كرد، ئەو ناوچەیە ئێستە ئاوەدانكراوەتەوە و جموجۆڵێكی بازرگانی گەورەی تێدا ئەنجام دەدرێت كە لە دهۆكەوە رۆژانە سەتان بارهەڵگر كەلوپەل و پێویستی بۆ مووسڵ دەگوازنەوە، بەڵام ئێستە ئەو ناوەندە بازرگانییەی مووسڵ لەلایەن گرووپی میلیشیایی دەستی بەسەردا گیردراوە دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق لە رێگەی تەندەرەوە بە كرێی داوە.

پێوەند بەو پرسە ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق ناڕەزایەتی خۆیان راگەیاند، عەبدولرەحیم شمەری پەرلەمانتاری مووسڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا كە حكوومەتی عێراق ناوچەی بازرگانی و گومرگی بەكرێ داوە، بەڵام لەلایەن چەندان كەس كە بڕیار بەدەستن بە ناوی وەبەرهێنانەوە كۆنتڕۆڵیان كردووە.

زیاتر گوتی، "داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەكەم كە كۆبوونەوەیەكی بە پەلە ببەستن و بڕیاری وەستاندنی بازرگانی لە ناوچەیە بدەن و ناوی ئەوانەیش  ئاشكرا بكەن كە لەو بارزگانییە مافیاییە تێوەگلاون".

دڵدار زێباری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێ ناوچەی بازرگانی مووسڵ لەلایەن حزبەكانەوە دەستی بەسەردا گیردراوە و تەنانەت رێگە نادەن هیچ كەسێك دەستوەربداتە كاروباریان، ئەو حزبانەیش هەموو كارێك دەكەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لە ناوچەی بازرگانی.

ئەو روونی كردەوە، "ئەوان لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەكان كار دەكەن، ئەگەرچی بەپێی یاسا حزبەكان بۆیان نییە كاری بازرگانی بكەن، بەڵام لە واقیعدا ئەو كارە دەكەن و سوودیان لە لاوازی لێپرسینەوە و دامەزراوەكانی حكوومەت وەرگرتووە، ئەمەیش وایكردووە چینێكی سیاسی مافیایی دروست ببێت".



وشە - فه‌رمان سادق