مالیكی و سوننە لە شكستهێنان بە عەبدولمەهدی سەركەوتوو دەبن؟


لە كاتێكدا پاش كەمێكی تر دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە بەشێك لە وەزیرەكانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دەست پێ دەكات، سەرەڕای هەڕەشەكانی موقتەدا سەدر لە دەنگدان بە نهێنی و هەوڵی شكستهێنان بە پێكهێنانی حكوومەت و هەروەها دووپاتكردنەوەی پشتگیرییەكەی هادی عامری، بەڵام نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە بەشێكە لە هاوپەیمانی بنیاتنان بە سەركردایەتی هادی عامری، لەگەڵ بەشێك لە هێزە سوننەكان لە هەوڵدایە متمانە بە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی نەدرێت و شكستی پێ بێنن.

بۆ ئەمە پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی میحوەری سوننەكان سەرقاڵی كۆكردنەوەی واژووی پەرلەمانتارانە كە دەنگدان و پێدانی متمانە بە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لە دانیشتنی ئێوارەی ئەمڕۆی پەرلەمان، بە نهێنی بێت، بۆ ئەمەیش تا ئێستە زیاتر لە 120 پەرلەمانتار واژوویان كردووە.
حامد مووسەوین پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەركردایەتی دەكات، ئاشكرای دەكات كە سەركردەكانی حزبی دەعوە لە جموجۆڵدان، تەنانەت حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبوو، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕیش كار لەسەر شكستهێنان بە عادل عەبدولمەهدی دەكات.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح هێما بۆ ئەوە دەكات كە سەركردەكانی حزبی دەعوە ماوەیەك پێش ئێستە لە كەربەلا كۆبوونەتەوە و ناویان لە كۆبوونەوەكەشیان ناوە، كۆبوونەوەی هەڵسانەوە، لەوێدا رێككەوتوون لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی چوارچێوەی حزب بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەنگژەیەی دووچاری هاتن كە دوای 15 ساڵ لە پێكهێنانی حكوومەت، دوور خراوەتەوە، بە تایبەت دوای تەنگژەی نێوان مالیكی و عەبادی كە رەنگدانەوەی نەرێنی بەسەر حزبی دەعوە هەبووە و بەهۆیەوە پۆستی سەرۆك وەزیرانیان لە دەست دەرچوو.

مووسەوی زیاتر گوتی، "هەوڵەكانی حزبی دەعوە خۆی لەسەر بنەمای شكستهێنان بە عەبدولمەهدی دەستی پێ كردووە، پێیان وایە شكستی ئەو رێگە خۆش دەكات حەیدەر عەبادی بكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بۆ ئەمەیش نووری مالیكی پێوەندیەكی بەهێزی هەیە لەگەڵ خانەوادەی كەربوولییەكان كە جەمال كەربولی نوێنەرایەتی هاوپەیمانی میحوەر دەكات، هەوڵی یەكەمیشیان دەنگدان و متمانەدانە بە كابینەكەی عەبدولمەهدی بە نهێنی، هەموو سیناریۆیەكی شكستهێنانیش بە عەبدولمەهدی لەبەردەم هەردوولا كراوەیە".

ئاماژەی كرد، "دەنگدان بە نهێنی، رەنگە هەموو رێككەوتنەكانی كراوە لەنێوان لیستەكانی ناو پەرلەمان ئاوەژوو بكاتەوە، ئەمەیش عادل عەبدولمەهدی بە باشی دركی پێ كردووە و هۆشداری داوە لەوەی دەنگدان بە نهێنی بە كابینەكەی بدرێت".
 
پێوەند بەو پرسە، د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" بە دووری نەزانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی متمانە وەرنەگرێت، ئەوەیشی خستەڕوو هیچ رێككەوتنێك لە نێوان لیستەكانی پەرلەمان نییە بۆ متمانەدان بە حكوومەت، تەنانەت بەشێك لە پەرلەمانتاران توڕەن لە عادل عەبدولمەهدی دوای ئەوەی ناوبراو رای گەیاند بوو هیچ كەسێك لە پەرلەمانتاران پۆستی وەزارەتی پێ نادرێت، ئەمەیش لای ئەندامانی پەرلەمان لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت.

بەپێ ئەو زانیارییانەی تا ئێستە بڵاوكراوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی راسپێرادراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت ئێوارەی ئەمڕۆ 12 كاندید دەباتە پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە.

حامد مووسەوی ئەوەیشی خستەڕوو لە وەها دۆخێكدا تێپەڕاندنی كابینەی حكوومەت "سەختە"، چونكە ناكۆكی قووڵ لەنێوان عادل عەبدولمەهدی و هێزە سوننەكان هەیە بەوەی پۆستی وەزارەتیان پێ نادات، رەنگە ئەو ناكۆكییە لەلایەن حزبی دەعوە بقۆزرێتەوە بۆ رێگرتن لە پێدانی متمانە بە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح باسی لەوەیش كرد لیستەكانی ناو پەرلەمان لەسەر زۆر پرس رێككەوتنیان كردووە لەوانە پۆستی وەزارەتە سەروەرییەكان كە رەنگە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بەشێكیان یەكلایی بكرێنەوە، هەروەها جێگرانی سەرۆك وەزیران و جێگرانی سەرۆك كۆمار كە ساڵح موتڵەگ و نووری مالیكی كاندیدن، تەنانەت پۆستی دەستە سەربەخۆكان و ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیش.

سەرچاوەیەكی نزیك لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەڵێ، ئەگەرچی ئەمڕۆ چوارشەم دانیشتنی دەنگدان و متمانەدانە بە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، بەڵام وێنەكە بە گشتی ئاڵۆزە و هیچ گەرەنتییەك نییە كابینەكەی متمانەی پێ بدرێت، زیاتر گوتی، "سەعات شەشی ئێوارەی دوێنێ سێشەم ئەندامانی پەرلەمان لە رێگەی واتس ئەپ ئاگادار كراونەتەوە بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ، بۆیە پێدەچێت دانیشتنەكە سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت".


لای خۆیەوە نەدا شاكر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسڕ بە دووری دەزانێت سیناریۆ هەبێت بۆ شكستهێنان بە عادل عەبدولمەهدی و راسپاردنی حەیدەر عەبادی، دەڵێ دۆخی عێراق ئەو سیناریۆ و هەڵوێستە ناتوانێت هەڵگرێت، زیاتر گوتی، "داواكردنی دەنگدان بە نهێنی هۆیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ تێپەڕ نەبوونی هەندێك كەسایەتی كە گەندەڵن تا نەكرێن بە وەزیر، بە گشتی هەڵوێستی حزبەكانیش گۆڕانكاری بەسەردا دێت پاش ئاشكراكردنی سیڤی كاندیدەكان". 

پرسی دەنگدانی نهێنی بە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی لە كاتێكدایە موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیرون هەڕەشەی ئەوە دەكات كە دەنگدان بە كابینەی حكوومەت بە نهێنی ئەنجام بدرێت.

سەدر لە تویتێكدا لە تویتەری تایبەتی خۆی دەنووسێت، "نا بۆ دەنگدان بە نهێنی"، دووپات لەوەیش دەكاتەوە پێویستە حكوومەتێكی دەستپاك دامەزرێت بە كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆ لەلایەن خودی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، داوایش لە لیستە براوەكان دەكات كە دەستوەردان نەكەن لە پێكهێنانی حكوومەت.

موقتەدا سەدر پێداگیری لە هەڵوێستەكانی دەكات دژ بە پێكهێنانی حكوومەتێكی تایفی و پشكپشكێنە و گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و هەژموونی دەرەكی بەسەر بڕیاری سیاسی و گەندەڵی و دابەشكردنی داهاتەكان، گوتی "گەلانی عێراق چاكسازییان دەوێت لە رێگەی حكوومەتێكی پاك بە كەسایەتییەكانی كە تەكنۆكرات و سەربەخۆ بن بێ هیچ گوشارێك لەلایەن حزبەكانەوە". زیاتر گوتی "لیستەكان هەمووتان دەستان بەرز بكەنەوە، گەلی عێراق ئازادی و كەڕامەتی دەوێت و بێدەنگ نابین".



وشە - فه‌رمان سادق


PM:05:27:24/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 2034 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌