پارتی پارێزگاری كه‌ركووك وه‌رده‌گرێ

:: PM:12:01:28/10/2018 ‌
سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێواز و ڕێیەكی یاسایی پۆستی پارێزگاری كەركووك وەردەگرێ، دوای ئەوەی ڕاكان سەعید جبووری پۆستەكەی جێ دەهێڵێ و وەك پەرلەمانتاری عێراق دەستبەكار دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە بە پێگەی "بغداد الیوم"ی ڕاگەیاند، بەگوێرەی یاسا دوای ئەوەی پارێزگار بە هەر هۆكارێك پۆستەكەی بەجێ دەهێڵێت، ئەوا قایمقامی ناوەندی پارێزگاكە دەبێتە پارێزگار و شوێنی پارێزگاری پێشوو پڕ دەكاتەوە، لەم چوارچێوە یاسایییە دوای جێهێشتنی پارێزگاری كەركووك لەلایەن ڕاكان سەعید و چوونی بۆ پەرلەمانی عێراق، قایمقامی ئێستەی كەركووك كامل ساڵەیی دەچێتە شوێنی ئەو پۆستی پارێزگار وەردەگرێت.

ئەو سەرچاوەیە دووپاتی كردەوە، لە ڕووی یاسایییەوە هیچ كێشەیەك لەمەدا نییە و كارێكی تەواو یاسایییە، توركمانیش لەگەڵ ئەو هەنگاوەن و كەسێكی توركمان بە ناوی "فەلاح یایچی" دوای بوونی كامل ساڵەیی بە پارێزگار، دەبێتە قایمقامی كەركووك بە وەكالەت، هەر بەو هۆیەوە كامل ساڵەیی ماوەیەكە گەڕاوەتەوە كەركووك و پۆستی قایمقامی وەرگرتووەتەوە و كارەكانی قایمقامیەتی ناوەندی كەركووك ڕادەپەڕێنێت.

دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو كە لەلایەن گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی ئەنجام درا كەركووك و خورماتوو و خانەقین ڕادەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرا، دۆخێكی نەخوازراو لە ناوچەكە دروست بوو و تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە و كەركووك بە سەربازگە كراوە و ستەم لە خەڵك دەكرێت، بەڵام یەكێتی دەیەوێ دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا تەنیا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێك ڕێك بخات و هیچ قسە لەسەر دۆخی ناجێگیری تەناهی و بە سەربازگەكردنی شارەكە نەكرێ، ئەمەیش لەلایەن حزبەكانی تری كوردستان ڕەت كراوەتەوە. 


وشە - باز ئه‌حمه‌د