ئه‌ندامێكی جڤاتی گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا وه‌ڵامی ئه‌و ره‌خنانه ده‌داته‌وه كه له‌ناو خه‌ڵكدا باون و تایبه‌تن به كه‌مبوونه‌وه‌ی كورسییه‌كانی گۆڕان، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه خه‌ڵك له ده‌ستی نادادی یه‌كێتی و پارتی نه‌چوونه‌ته ده‌نگدان و ئه‌وه بووه‌ته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگی گۆڕان.
كوێستان محه‌مه‌د له‌باره‌ی پۆستی پارێزگاری سلێمانی كه لای گۆڕانه و یه‌كێتی داوای ده‌كاته‌وه، رای ده‌گه‌یه‌نێت "یه‌كێتی به ساخته‌كاری بووه‌ته‌وه به یه‌كه‌م، له سلێمانی له 100 ماڵدا یه‌ك ماڵی یه‌كێتی نییه، ئیتر ئه‌وه كه‌ی هێزی یه‌كه‌می پێ ده‌گوترێت".
ده‌گوترێ هۆی نیگه‌رانی خه‌ڵك له گۆڕان بۆ ڕێككه‌وتنی ده‌باشان ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئایا گۆڕان چ سوودێكی له ڕێككه‌وتنی ده‌باشان بینی؟ له كاتێكدا ئه‌و لایه‌نه‌ی ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كرد له شه‌وی 12ی پێنج بۆردمانی گردی زه‌رگه‌ته‌یان كرد؟
بۆ یه‌كه‌مجار له هه‌رێمی كوردستان له نێوان دوو حزبدا ڕێككه‌وتن كرا كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی نه‌بێت و له به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتی بێت، گۆڕان بۆ ئه‌وه ڕێككه‌وتنی نه‌كرد سوودی لێ وه‌ربگرێت، به‌ڵكو بۆ ئاشتی و ئارامی ئه‌و ڕێككه‌وتنه كرا، بۆ سیستمی سیاسیی په‌رله‌مانی بوو، بۆ به دامه‌زراوه‌یی داوده‌زگاكان بوو، بۆ ئه‌وه نه‌كرا تا به‌رهه‌می ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌وه بچنینه‌وه، به‌ڵام دواجار ڕێككه‌وتنه‌كه نه‌چووه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
گۆڕان حزبێك بوو جێی ئومێدی ده‌نگه ناڕازییه‌كان بوو له حوكمڕانیی ئه‌و دوو حزبه، به‌ڵام دواتر ئاشكرا بوو كه مانگانه 250 هه‌زار دۆلار له یه‌كێتی وه‌رده‌گرن، له‌و بڕوایه‌دا نین ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌ك بوو خه‌ڵك به‌و هۆیه‌وه له گۆڕان تۆرا؟.
هیچ ئاگاداری وه‌رگرتنی پاره نیم كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له یه‌كێتیی وه‌رگرتبێت، هاووڵاتیش له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌تۆرا، به‌ڵكو به‌هۆی سیاسه‌ت و برسیكردنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو حزبه‌وه هاووڵاتییان بایكۆتی هه‌ڵبژاردنیان كرد، به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ئه‌و دوو حزبه و گه‌نده‌ڵییه‌كانی ڕابردوویان هاووڵاتییان بایكۆتی ده‌نگدانیان كرد، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له ئه‌نجامی بایكۆتی هاووڵاتییان ده‌نگه‌كانی كه‌می كرد.
خه‌ڵك ده‌ڵێن گۆڕان هاوشێوه‌ی حزبه‌كانی تر له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراوه، یه‌ك كۆنگره‌ی كردووه و ناتوانێ كۆنگره‌ی تر ببه‌ستێ، یان وه‌ك حزبه ته‌قلیدییه‌كان زۆر دوای ده‌خات، ئه‌مه وا ده‌كات ئه‌و جیاوازییه‌ی گۆڕان له حزبه‌كانی تر هه‌یبوو نه‌مێنێت. بۆچی كۆنگره دوا كه‌وتووه و هۆیه‌كه‌ی چییه؟.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2009 لیستی هه‌بوو، دواتر دوای ساڵێك وه‌ك حزب مۆڵه‌تی وه‌رگرت، به‌ستنی كۆنفرانسی نیشتمانیش له ماوه‌ی كه‌متر له سێ مانگی داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێت.
بۆچی ساخته‌كاریی یه‌كێتیتان له هه‌ڵبژاردنی عێراق قبووڵ كرد كه زۆر ده‌نگی دایه‌وه، وه‌ك پێشتر حزبه ناڕازییه‌كان ده‌تانگوت ته‌نانه‌ت لای زۆرینه‌ی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیش جێی سه‌رسوڕمان بوو؟
گۆڕان به‌و ساخته‌كارییه ڕازی نه‌بوو، هه‌ر شه‌وی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامه‌كانمان ڕه‌ت كرده‌وه و ناڕازی بووین، ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانمان له به‌غدا دانیشتنی نایاسایی په‌رله‌مانیان ڕێكخست، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا به‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه پڕ بووه له ساخته‌كاری، دواتر كۆمسیۆن هه‌ڵوه‌شایه‌وه و كۆمه‌ڵێك دادوه‌ر هاتنه راسپاردن كه به ئه‌نجامه‌كاندا بچنه‌وه، به‌ڵام له عێراقێكدا كه لایه‌نه‌كان وڵاتان مامه‌ڵه‌یان پێوه ده‌كه‌ن، نه‌توانرا ئه‌و ساخته‌كارییه له ڕه‌ت بكرێته‌وه، له هیچ لایه‌نێكیش ساخته‌كاریمان قبووڵ نه‌كردووه و ته‌نیا یه‌كێتی نه‌بوو كه ساخته‌كاریی كرد، پارتیش له هه‌ولێر كردی، دواجار بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ته‌نیا شه‌ڕی ئه‌و هه‌موو لایه‌ن و وڵاتانه‌ی پێ ناكرێت.
خه‌ڵكی سلێمانی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ده‌نگی به ئێوه دا تا حوكمی شاره‌كه بكه‌ن، بۆچی حوكمی شارتان به یه‌كێتی دا؟ دواتریش ئه‌زموونی پارتی و یه‌كێتی و په‌نجا به په‌نجاتان دووباره كرده‌وه؟
ئه‌وه گۆڕان نییه كه ده‌سه‌ڵاتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی دابه‌ش كردووه، به‌داخه‌وه ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌ردوو فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو ئاماده نه‌بوون ده‌نگ به كاندیدی گۆڕان بده‌ن له ئه‌نجوومه‌ن بۆ پارێزگار بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه یه‌كلا بێته‌وه، هه‌ڵبژاردنی پارێزگاریش به ده‌نگدان ده‌بێت له ئه‌نجوومه‌ن، ئه‌وان ده‌نگیان پێ نه‌دا، دواتر ڕێككه‌وتنی سیاسی كرا له نێوان یه‌كێتی و گۆڕان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و لایه‌نه‌كانی تری ئه‌نجوومه‌ن، كه دوو ساڵی بۆ یه‌كێتی و دوو ساڵی بۆ گۆڕان بێت.
گۆڕان له حكوومه‌تی پێشوو به‌شداری كرد و به‌رده‌وام باسی ئه‌وه‌تان ده‌كرد كه یاسا گرنگه‌كان و ئه‌وانه‌ی ڕه‌هه‌ندی نیشتمانی‌یان هه‌یه به سازان تێپه‌ڕێن، بۆچی له پرسی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی پابه‌ندی سازان نه‌بوون؟ خۆ ئه‌مه پرسێكی نیشتمانی بوو.
پێنج لایه‌ن له‌ناو په‌رله‌مان پڕۆژه‌یان هه‌بوو، جگه له پارتی كه سه‌رۆكی هه‌رێمی هه‌بووه و ده‌یانویست تا كۆتایی له‌و پۆسته به‌رده‌وام بن، بۆیه ناڕازی بوو. فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بوون، چه‌ندان جار داوایان له پارتی كرد كه ئه‌وانیش پڕۆژه‌یان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام پارتی نه‌هاتن پڕۆژه پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و پێنج لایه‌نه پڕۆژه‌یان پێشكه‌ش نه‌كردایه، هه‌رێم ده‌كه‌وته بۆشایی یاسایی، نه‌ده‌كرا ئه‌و دۆخه به‌و شێوه‌یه بمێنێته‌وه. پارتیش ئاماده نه‌بوو كورسیی سه‌رۆكی هه‌رێم ڕاده‌ستی كه‌سی تر بكات به هه‌ڵبژاردن، ئیتر ئه‌و رووداوانه‌ی لێ كه‌وته‌وه.
خه‌ڵك ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی یه‌كێتی به گۆڕانی كرد، پارتی هیچ كات ئه‌وه‌ی نه‌كردووه، كه‌چی گۆڕان چوو ڕێككه‌وتنی ده‌باشانی واژوو كرد و له ڕێككه‌وتنی پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ پارتی په‌شیمان بووه‌وه، ئه‌مه بۆچی؟
یه‌كێتی و پارتی وه‌ك یه‌ك زیانیان به گۆڕان گه‌یاندووه، یه‌كێتی له سلێمانی ته‌قه‌ی له گرده‌كه كرد، پارتی له هه‌ولێر مه‌كۆی گۆڕانی سووتاند، كه‌ناڵی گۆڕانی داخست و ڕێگری له سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد، هه‌ردوولا له‌گه‌ڵ گۆڕان وه‌ك یه‌كن و هه‌مان مامه‌ڵه‌یان كردووه، هیچیان له ئه‌وی تر باشتر نین.
به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان عێراق و كوردستان، یه‌كێتی بووه‌ته هێزی یه‌كه‌م له سلێمانی، به‌و پێیه بێت خۆی پارێزگار به‌ڕێوه ده‌بات، له‌م رووه‌وه هه‌ڵوێستتان چییه؟.
یه‌كێتی به ساخته‌كاری بووه‌ته‌وه به یه‌كه‌م، له سلێمانی له 100 ماڵدا یه‌ك ماڵی یه‌كێتی نییه، ئیتر ئه‌وه كه‌ی هێزی یه‌كه‌می پێ ده‌گوترێت.
وشه/ دیمانه- هۆشیار عه‌لی