په‌رله‌مانتارێكی عێراق ئاشكرای كرد، هه‌وڵ ده‌درێ بارهه‌ڵگرێكی پڕ له جگره‌ی مریشكی چینی له به‌نده‌ری "ئوم قه‌سره"ه‌وه ده‌ربازی عێراق بكرێ و له بازاڕه‌كان بڵاو بكرێته‌وه، ئه‌م جۆره جگه‌ره‌ی مریشكی شێرپه‌نجه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
عالیه نسێف په‌رله‌مانتاری عێراق داوای له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئاسایشی نیشتمانی و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق كرد به په‌له له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بێنه ده‌نگ و ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و بارهه‌ڵگره بگرن، كه پڕه له جگه‌ری مریشكی چینی و مرۆڤ تووشی شێرپه‌نجه ده‌كات.
ئاماژه‌ی دا، ئه‌و جۆره جگه‌ره‌ی مریشك له چینه‌وه هاتووه، به‌ڵام له كارتۆنه‌كه‌ی ناوی مالیزیای له‌سه‌ر نووسراوه و ناویشی "لوئلوئهیه" ههوڵدهدهری له به‌نده‌ی ئوم قه‌سره‌وه بهێنرێته ناو عێراق، له‌لایه‌ن ئه‌و بازرگانانه ئه‌و كاره كراوه كه ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ر رووح و ژیانی خه‌ڵكی عێراق پاره كۆ بكه‌نه‌وه، چونكه ئه‌و جۆره خۆراكه زۆر مه‌ترسیداره و مرۆڤ تووشی جۆره‌ها شێرپه‌نجه ده‌كات.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عێراق ده‌ڵێ، پێشتریش زۆر هۆشداریمان دا له هاتنی بارهه‌ڵگری خۆراكی جۆراوجۆر كه ته‌نیا ژه‌هر و شێرپه‌نجه‌بوون و له به‌نده‌ری ئوم قه‌سره‌وه دهربازكران و له بازاڕه‌كانی عێراق بڵاوكرانه‌وه، ئه‌مه له پرسی تیرۆر زۆر مه‌ترسیدارتره ئه‌گه‌ر ڕووبه‌ڕووی نه‌بینه‌وه، بۆیه پێویسته سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئاسایشی نیشتمانی و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ڕێوشوێنی پێویست دژی ئه‌و بازرگانانه بگرنه‌به‌ر.