كاسیرین تەواوی چیرۆكی دەستدرێژییەكەی رۆناڵدۆ دەگێڕێتەوە

:: AM:10:34:30/10/2018 ‌

دوای 9 ساڵ بێدەنگبوون و شاردنەوەی رووداوەكە، دواجار ماوەیەك پێش ئێستا كاسرین مایۆرگا بڕیاری دا داوای یاسایی لەسەر كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی تۆپی پێی پورتوگالی تۆمار بكات و تەواوی رووداوەكەش بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرا بكات.

سەرەتا پۆلیسی شاری لاس فیگاسی ئەمەریكا لەبارەی رووداوەكە دەڵێت: لە شەوێكی مانگی حوزەیران لە ناوەڕاستی ساڵی 2009 پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان پێ گەیشت سەبارەت بە رووداوی دەستدرێژی سێكسی، ئەوەی دەستدرێژی كرابووە سەری ناوی كاسیرین بوو و راستەوخۆ گەیاندرایە نەخۆشخانە و پشكنینی پزیشكی بۆ كرا، بەڵام ئافرەتەكە رەتی كردبووەوە داوای یاسایی لەسەر هیچ كەسێك تۆمار بكات و بەمەش پەڕاوی دۆسییەكە داخرا.

چیرۆكی دەستدرێژییەكە

لای خۆشییەوە كاسیرین چیرۆكی شەوی دەستدرێژییەكەی رۆناڵدۆ بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە: یەكەم چاوپێكەوتنم لەگەڵ رۆناڵدۆ لە شەوێكی ناوەڕاستی ساڵی 2009 بوو لە یانەیەكی شەوانەی شاری لاس فیگاس، ئەو كات رۆناڵدۆ بۆ وەرگرتنی پشوو هاتبووە ئەمەریكا.

كاسیرین لەم یانە شەوانەدا وەك نمایشكار و سەماكار كاری دەكرد و كاری ئەو برێتی بوو لە راكێشانی سەرنجی گەنج و سەردانیكەرانی یانەكە بۆ ئەوەی بازاڕی یانەكە باشتر بكات و سەردانیكەران زیاتر بكات.

كاسیرین دەڵێت: ئێستاش تەواوی رووداوەكەم وەك ڤیدیۆ لەبەرچاوە، لەم شەوەدا لەناكاو پیاوێك بەدەستەكانی ناوقەدی گرتم، ئاوەڕم دایەوە بینیم رۆناڵدۆیە، یەكسەر داوای لێ كردم لەگەڵ بچم، بەڵام من داواكەم رەت كردەوە و وامزانی گاڵتەم پێ دەكات، بەڵام ئەو وازی نەهێنا و دواتر ژمارەی تەلەفۆنەكەمی لە گارسۆنی یانەكە وەرگرت.

كاسیرن هەروەها دەڵێت: رۆناڵد رۆیشت و منیش بۆ گەڕان بەدوای هاوڕێ كچەكانم هاتمە دەرەوەی یانەكە، لەم كاتەدا نامەیەكی تەلەفۆنیم بۆ هات و ئەویش رۆناڵدۆ بوو و تێیدا داوای كردبوو هەر ئەمشەوە بێتە هۆتێلەكەی بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێكانی ئاهەنگێكی شەوانە بكەن.

لە درێژەی گێڕانەوەی رووداوەكە رایگەیاند: لەگەڵ دەستە خوشكەكانم گەیشتمە بەردەم ئەو هۆتێلەی رۆناڵدۆ ناونیشانەكەی بۆ ناردبووم، داوام لە هاوڕێكانم كرد بەتەنیا جێم بێڵن و بڕۆن، راستییەكەی هەر لە دڵەڕاوكێدابووم تا گەیشتمە بەردەم دەرگەی هۆتێلەكە و كە چوومە ژوورەوە رۆناڵدۆ لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی خەریكی ئاهەنگ بوون و بەمشێوەیە تا درەنگان لەگەڵیان مامەوە، چوومە ژوورێك بۆ ئەوەی جلەكانم بگۆڕم، لەناكاو رۆناڵدۆ هاتە ژوورەوە و دەستدرێژی كردە سەرم، هەوڵمدا لە ژوورەكە بیكەمە دەرەوە و تا دەرگە پاڵم پێوەنا، بەڵام ئەمجارە بەهێزتر گەڕایەوە و بەتوندی گرتمی و هیچ جوولەیەكم بۆ نەكرا.

ئافرەتە ئەمەریكییەكە زیاتر دەڵێت: سەرەتا بەنەرمی قسەم لەگەڵی كرد بۆ ئەوەی وازبێنێ، بەڵام ئەو پێداگیر بوو و دوای ماوەیەكی زۆر ئیتر توانای بەرگریم نەما.

"دوای ئەوەی دەستدرێژی كردە سەرم و تەواو بوو، رۆناڵدۆ پەشیمانبوونەوەی خۆی بۆ من دەربڕی و پێمی گوت كە ئەو كەسێكی باشە، بەڵام توانای زاڵبوونی بەسەر خۆیدا نەمابوو" كاسیرین وای گوت.

كاسیرین هەروەها دەڵێت" لە كاتی هاتنەدەرەوەمان لە ژوورەكە، جۆردینی هاوڕێی رۆناڵدۆ ئێمەی بینی، ئەو كات باری جەستەیی و تەندروستیم زۆر خراپ ببوو. رۆناڵدۆ تەنیا پێی گوتم كە هەموو شتێك باش دەبێت و لەمەودوا ئێمە هاوڕێین.

دوای ئەم شەوە، كاسیرین راستی رووداوەكەی شاردەوە و هیچ كەسێكی تر پێی نەزانی، بۆ رۆژی دواتر لەسەر لاپەڕەی رۆژنامە و گۆڤارەكان وێنەی رۆناڵدۆ و كاسیرین لە یانە شەوانەكە بڵاو بووەوە.

بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2017 كۆواری (دێر شپیگل)ی ئەڵمانی بەشێوەیەكی نهێنی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كاسیرین كرد و لە راپۆرتێكدا تەواوی رووداوی دەستدێژی سێكسییەكەی رۆناڵدۆی ئاشكرا كرد، دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكە رۆژنامەكان لەسەرتاسەری جیهان هەوڵیاندا پەیوەندی بە كاسیرینەوە بكەن، بەڵام ئەو لەماڵەكەی خۆی مایەوە و وەڵامی هیچ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نەدایەوە.

تۆماركردنی داوای یاسایی

دوای تێپەڕبوونی 9 ساڵ بەسەر رووداوەكە كاسیرین بێدەنگی شكاند و دوو مانگ بەر لە ئێستا بەفەرمی داوای یاسایی لە شاری لاس فیگاس لەسەر رۆناڵدۆ تۆمار كرد و داوای قەرەبووكردنەوەی لێ كرد، جەختیشی كردەوە كە بەڵگەی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی تۆمەتەكە لەسەر رۆناڵدۆ ساغ بكاتەوە.

كاسیرین دەڵێت: لە ماوەی ئەم 9 ساڵەدا لە خێزانەكەم ترساوم و جگە لەوەش رێككەوتنێكم لەگەڵ رۆناڵدۆ كرد لەبەرامبەر بڕێك پارە تاهەتایە بێ دەنگ بم، بە رێككەوتنەكە رازی بووم و پێموابوو بە تێپەڕبوونی كات رووداوەكەم لەبیر دەچێتەوە، بەڵام تا ئێستا دەنگ و شێوەی تەواوی شەوەكە لەبەرچاومن.

كاسیرین ئافرەتێكی جوان و سەرنجڕاكیشە و لەنێو تەمەنی 30 ساڵیدایە، پرچێكی رەشی هەیە و چاوەكانیش رەنگاوڕەنگن لەگەڵ باڵایەكی رێكوپێك، لە كاتی رووداوەكە و تا ماوەیەك پێش ئێستاش وەك مامۆستا لە قوتابخانەیەكی بنەڕەتی شاری لاس فیگاس كاری دەكرد، بەڵام ئێستا وازی لە كارەكەی هێناوە و هێز و توانای خۆی بۆ یەكلاكردنەوەی داوا یاساییەكەی دژی رۆناڵدۆ تەرخان كردووە.

لە كۆتاییدا كاسیرین دەڵێت كە دڵنیایە رۆناڵدۆ و زۆرێك لە هەوادارانی پێیانوایە رووداوی دەستدرێژی سێكسی سەری چیرۆكە و هەڵبەستراوە بەتایبەت كە ئەم یاریزانە بەناوبانگە و ملیۆنان هەواداری لەسەرتاسەری جیهاندا هەیە و ئەویش ئافرەتێكی گەنجە و هیچ كەسێك نایناسێ، بەڵام ئەو لە دادگا دەیسەلمێنێ كە چی بەسەر هاتووە و بەڵگەی تەواویشی بۆ ئاشكراكردنی رووداوەكە هەیە.








وشە - ئامانج ئه‌كره‌م