فاینەنشال تایمز: مۆسكۆ شوێنپێی لە كوردستانی هاوپەیمانی ئەمەریكا جێگیر كردووە

:: AM:11:41:30/10/2018 ‌

ڕۆژنامەیەكی بەریتانی ڕاپۆرتێكی لەبارەی كەرتی وزەی هەرێمی كوردستان و گرێبەستەكانی لەگەڵ رۆسنەفت بڵاو كردووەتەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە، كە سەرەڕای ئەوەی ناوچەكە پڕە لە كێشە و ململانێی سیاسی، بەڵام مۆسكۆ دوودڵ نییە و بەردەوامە لە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، ئەمەیش وای كردووە، شوێنپێی كرملێن لە كوردستان جێگیر ببێ، لە كاتێكدا كوردستان بە نزیكترین هاوپەیمانی ئەمەریكا لە ناوچەكە هەژمار دەكرێت.

ڕۆژنامەی "فاینەنشال تایمز"ی بەریتانی ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، كاتێك كوردستانی عێراق بەرەو سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەری تەواو هەنگاوی دەنا، پێویستی بە كەسێكی بوێر بوو تا ملیاران دۆلار بڕژێنێتە هەرێمەكەوە و پەرە بە كەرتی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بدات، ئەوان پیاوێكیان دۆزییەوە كە تەواو بوێرە و دۆستی كۆن و نزیكی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕووسیایە و ناوی "ئیگور سیشین"ە و سەرۆكی كۆمپانیای رۆسنەفتە.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، كۆمپانیای رۆسنەفت سەرجەم ململانێ و كێشە سیاسییەكان و مەترسییەكانی پەراوێز خستووە و تۆڕێكی وەبەرهێنانی لە كەرتی وزەی ناوچەكە دروست كردووە و بووە بە گەورەترین سەرمایەدار كە وەبەرهێنان لە كوردستانی عێراق دەكات، ئەمەیش وایكردووە لە ڕووی ئابوورییەوە كوردستان كە لە بەرەی ئەمەریكی بوو لە مۆسكۆ نزیك ببێتەوە.

رۆسنەفت هێما بۆ ئەوە دەكات، ئەوان وەبەرهێنان وەك كار سەیر دەكەن و پێوەندییان بە سیاسەتەوە نییە، كریس تۆكی شرۆڤەكاری سیاسی لەوبارەوە بۆ ڕۆژنامەكە گوتی، رۆسنەفت لە ناوچەكە بە دوای وەبەرهێنان و بازرگانییەوەیە، بەڵام وزە یەكێكە لە بەهێزترین ئامرازەكانی مۆسكۆ تا لە ڕووی جیۆپۆلەتیكەوە ببێتە هۆكارێكی سەرەكی و یاریكەرێكی تەواو بەهێز لە ناوچەكە، گرێبەستەكانی رۆسنەفت پڕن لە مەترسی سیاسی، بەڵام لەبەر ئەوەی كوردستان لە ڕووی جیۆپۆلەتیكەوە ئامانجی گەورەی مۆسكۆیە، ئەوان ئەو مەترسییەیان تێپەڕاند و گرێبەستی زۆریان واژوو كرد.

ئەو شرۆڤەكارە دەڵێ، كوردستان ماوەیەكی زۆرە هاوپەیمانێكی نزیكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بوو، بەڵام فرەوانخوازییەكەی ئەمدواییەی كۆمپانیای رۆسنەفتی نزیك لە سەرۆكی ڕووسیا وای كردووە، كرملێن شوێنپێی خۆی لە هەولێر جێگیر بكات، كە بەشێكی گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕووسیاش هەوڵ دەدا پێگەی ئەمەریكا لە ناوچەكە كەم بكاتەوە و هاوسەنگی بكات، لە ڕێی بەهێزكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ سعوودیە و ئێران.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، رۆسنەفت بە بڕی 3.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە كوردستان كردووە، 400 ملیۆن دۆلار لە پەرەپێدانی پێنج كێڵگەی نەوتی و دۆزینەوەی نەوت، 1.8 ملیار دۆلار بۆ دروستكردنی هێڵی گواستنەوەی گازی سروشتی، جیا لەوەیش 1.2 ملیار دۆلاری وەك پارەی پێشەكی بە هەرێمی كوردستان دا، ئەم كارە بە تەواوی بەغدای تووڕە كرد، بەڵام مۆسكۆ پابەندە بە ڕێككەوتنەكە و بەردەوامە لە كارەكەی.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، كاتێك كوردستان لە ساڵی ڕابردوو ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا، توركیا و ئەوروپا و ئێران و بەغدا و ئەمەریكاش ناڕەزایەتییان بەرانبەر دەربڕی، بەڵام مۆسكۆ هیچ كاردانەوەیەكی توندی نەبوو و بەردەوام بوو لە كارەكانی لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان.

كریس تۆكی گوتی، بێگومان رۆسنەفت وەك وەبەرهێنان و بازرگانی لە گرێبەستەكان دەڕوانێت، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو بابەتە سەركەوتنی ڕووسیا لە دروستكردنی پێوەندی تۆكمە و فرەوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە دۆخێكی یەكجار هەستیار و دابەشبووندان، وەك ئێران و سووریا و سعوودیە و ئیسرائیل و قەتەڕ، بۆیە ڕووسیا دەیەوێ لە عێراق پێگەی خۆی زۆر بەهێز بكات، كە هیچ كەس نەتوانێ هاوشانی بێ، وەك ئەوەی لە سووریا بۆ پشتیوانی ئەسەد دەیكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د