بەرپرسێكی گۆڕان: سەركردایەتی یەكێتی شەق و شڕن و دژی میلەتن

:: AM:11:57:30/10/2018 ‌

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان هێرش دەكاتە سەر یەكێتی و سەركردایەتیی ئێستەی ئەو حزبە بە "شەق و شڕ" ناو دەبات و دووپاتیش لەوە دەكاتەوە، كە یەكێتی دژی میلەتە و لەلایەكەوە داوای ئاساییكردنەوەی پێوەندی لەگەڵ گۆڕان دەكات و لەملایشەوە خەڵكی خۆی بەناوی گۆڕان دێنێتە سەر شاشە كە گوایە گەڕاونەتەوە ناو یەكێتی.

نزار مەحموود ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یەكێتی لە ڕابردوو و ئێستەیش بەردەوامە لە درۆكردن بەرانبەر بە بزووتنەوەی گۆڕان، لە 2009ەوە تا ئێستە زیاتر لە 500 هەزار كەسی هێناوەتە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن و دەڵێ، لایەنگری گۆڕانن و گەڕاونەتەوە ناو یەكێتی، بە درۆكانی یەكێتی بووایە، ئێستە هەموو گۆڕان یەكێتی بوون.

زیاتر گوتی، چونكە یەكێتی هەر خەریكی درۆیە و خەڵكی خۆیان بە پارە دێننە سەر شاشە و بەكرێگیراوی خۆیانن و شكۆ و كەسایەتییان دەشكێنن و دەڵێن لە گۆڕان گەڕاونەتەوە ناو یەكێتی، بەڵام خەڵكی گۆڕان لەوە ڕۆشنبیرترن بچنە ناو یەكێتی.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ئەوەیشی گوت، یەكێتی لە لایەكەوە درۆ دەكات و دژمان دەوەستێتەوە، لەلایەكی تریش داوای ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان و جێبەجێكردنی رێككەوتنی دەباشان دەكەن، لە كاتێكدا هەمووان دەزانن ڕێككەوتنی دەباشان و خاڵەكانی چین، بەڵام ئەو نەوەیەی یەكێتی هەرگیز جێبەجێ ناكات، چونكە خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە لە بەرژەوەندی میلەتە و ئەوانیش دژی میلەتن.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، بەم سەركردایەتییە شەق و شڕەی ئێستەی یەكێتی هەرگیز ڕێككەوتنی دەباشان جێبەجێ ناكرێ، یەكێتی دەستی بەسەر ژیانی خەڵك گرتووە و نایەوێ میلەت ئاسوودە بێ.

سلێمانی/هۆشیار عەلی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د