ژماره‌یه‌ك بازرگانی زێڕ له كوردستان، دوور له پێناسه‌ی گومرگی هه‌رێم، زێڕ له ڕێی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانییه‌وه هاورده ده‌كه‌ن و گرووپێكی سه‌ربه لاهوور جه‌نگی به‌شێوه‌ی نایاسایی و به پاره‌یه‌كی كه‌متر له‌وه‌ی حكوومه‌ت دایناوه، بۆیان ده‌گه‌یه‌نن به بازاڕ.
باجی گومرگی به‌شێوه یاساییه‌كه‌ی بۆ كیلۆیه‌ك زێڕ 280 هه‌زار دیناره، به‌ڵام گرووپه‌كه‌ی سه‌ربه لاهوور جه‌نگی به 150 دۆلار زێڕه‌كه ده‌به‌نه ده‌ره‌وه و له تۆماری فڕۆكه‌خانه‌دا نانووسرێ، به‌مشێوه‌یه ملیۆنان دۆلاری ده‌ست ده‌كه‌وێت و كه له دنیادا به كرده‌ی مافیایی ناسراوه ئه‌م حاڵه‌تانه. چونكه هانی كاری نایاسایی ده‌دات له ده‌ره‌وه‌ی داوده‌زگای فه‌رمی حكوومه‌ته‌وه.
به‌پێی به‌دواداچوونی "وشه" هه‌ر بازرگانێكی زێڕ له ڕێی فڕۆكه‌خانه یان خاڵه سنوورییه‌كانی كوردستانه‌وه زێڕ هاورده بكات، له به‌رانبه‌ر هه‌ر كیلۆیه‌ك زێڕ بڕی 280 هه‌زار دیناری وه‌ك باجی گومرگی لێ وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام به‌شێك له‌و زێڕه‌ی له سلێمانییه‌وه هاورده ده‌كرێت ناچێته ناو تۆماری فه‌رمییه‌وه و به 150 دۆلار گرووپێكی سه‌ربه لاهوور جه‌نگی ده‌یگوازنه‌وه بۆ بازاڕ، به‌وه‌یش هه‌م لاهوور و هه‌م بازرگانه‌كه قازانج ده‌كه‌ن.
هه‌ڵمه‌ته مافیاییه‌كه
به‌گوێره‌ی یاسای عێراق باجی گومرگی له هه‌موو عێراق به دیناری عێراقی وه‌رده‌گیرێ، به‌ڵام له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ئه‌وه له‌لایه‌ن باندێكی مافیایی كه ئیش بۆ لاهور جه‌نگی ده‌كه‌ن، هه‌ر قالبێك زێڕ به كه‌متر له باجی گومرگی یاسایی هاورده ده‌كه‌ن.
ئاریان محه‌مه‌د خاوه‌نی وه‌رشه‌ی زێڕینگری ئاریان له سلێمانی، ده‌ڵێ، "ئێمه زێڕ هاورده ناكه‌ین، ته‌نیا زێر له كوردستان ده‌كڕین و خشڵ و كه‌لوپه‌لی جوانكاری لێ دروست ده‌كه‌ین، زۆرجار ئه‌وانه‌ی دروستیش كراون، چاكی ده‌كه‌ینه‌وه".
به‌گوته‌ی ئاریان، به گشتی بازاڕی زێڕیش له كوردستان دوای ته‌نگژه‌ی دارایی كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروست بووه، به‌ڵام به‌رده‌وامیشی هه‌یه به ڕێژه‌یه‌كی كه‌متر له پێشوو.
سامان كه ناوی خوازراوی یه‌كێك له زێڕینگره دیاره‌كانی سلێمانییه، بۆ "وشه" گوتی، زۆربه‌ی زێڕی كوردستان له دوبه‌ی و توركیاوه هاورده ده‌كرێت و هاورده‌كردنیش ته‌نیا له ڕێی فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌یه.
ئه‌و دووپاتی له‌سه‌ر زانیارییه‌كان كرده‌وه و گوتی، "له به‌رانبه‌ر هه‌ر قاڵبێك زێڕ ئێمه 150 دۆلار له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ده‌ده‌ین".
پاره‌كه ده‌چێته گیرفانی لاهور
سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، هاورده‌كردنی زێڕ له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی دوور له هه‌ر ڕێسا و یاسایه‌كه، چونكه گرووپێكی سه‌ر به لاهوور جه‌نگی بۆ هه‌ر قاڵبێك زێڕ بڕی 150 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی وه‌رده‌گرن و پرۆسه‌كه به نایاسایی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌وه‌یش هیچ بڕه باجێك بۆ حكوومه‌ت ناگه‌ڕێته‌وه له‌و بازرگانییه‌ی چه‌ند كه‌سێك ده‌یكه‌ن به زێڕه‌وه.
دوێنێ سێشه‌م بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و پرسه شاندێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی عێراق گه‌یشتنه سلێمانی و به‌پێی زانیارییه‌كان، بڕیاره لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی فڕۆكه‌خانه بكه‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زێڕ هاورده ده‌كرێ و ده‌نێردرێته ده‌ره‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچ باج و رسووماتێكی بۆ حكوومه‌تی عێراق بگه‌ڕێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كه گوتی، "ڕه‌نگه سزای فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی بدرێ، چونكه ئه‌و پرۆسه‌یه هانی كاری نایاسایی و سووككردنی داوده‌زگا فه‌رمییه‌كان ده‌دات".
په‌رله‌مان به كارێكی نایاسایی ده‌زانێت
مه‌لا ماجید بازرگان سه‌رۆكی لیژنه‌ی بازرگانی و مافی به‌كاربه‌ر له خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ "وشه" گوتی، زانیاری و به‌دواداچوونی ئه‌وتۆمان له‌سه‌ر پرسی هاورده‌كردنی زێڕ نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه كه له فڕۆكه‌خانه‌كان دێن و گومرگ ده‌كرێن، ئینجا ده‌گه‌نه بازاڕ.
له‌باره‌ی جیاوازی نرخی باجی گومرگی زێڕ له فڕۆكه‌خانه‌كان به‌گشتیی و جیاوازی سلێمانی و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتی باجی گومرگی هاورده‌كردنی زێڕ بۆ حكوومه‌ت، بازرگان گوتی، "شتی له‌مجۆره باس ده‌كرێ، به هه‌ده‌ردانی پاره‌ی گومرگی له ناوخۆی كوردستان و له عێراقیش له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر هه‌یه، به‌گشتی ئێمه قسه له‌سه‌ر كوردستان ده‌كه‌ین، كوردستان یه‌ك حكوومه‌ت و سیسته‌می باجی گومرگی هه‌یه، وه‌زاره‌تی بازرگانی و دارایی بڕیار و ڕێنوێنی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه ده‌رده‌كه‌ن".
"بۆیه كارێكی ته‌واو نایاسایییه ئه‌گه‌ر له فڕۆكه‌خانه‌یه‌ك باجی گومرگی پێچه‌وانه‌ی یاسا و ڕێنماییه‌كان وه‌ربگیرێ و بۆ حكوومه‌تیش نه‌گه‌ڕێته‌وه" په‌رله‌مانتاره‌كه وای گوت.
"وشه" بۆ وه‌رگرتنی بۆچوونی وه‌زاره‌تی بازرگانی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، پێوه‌ندی به نه‌وزاد ئه‌دهه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی له وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستان كرد و گوتی، بابه‌تی زێڕ پێوه‌سته به كوالێتی كۆنتڕۆڵی زێره‌وه، ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ش سه‌ر به ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستانه.
بۆ ده‌سكه‌وتنی ئاماری هاورده‌ی زێڕ، "وشه" پێوه‌ندی به سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان كرد و ژماره‌ی كه‌سێكی به‌ناوی محه‌مه‌د سابیر دا. دوای گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د سابیر، ئه‌ویش دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌و له‌م كاره‌دا نه‌ماوه و كه‌سێك به‌ناوی "به‌كر" سه‌رپه‌رشتی كوالێتی كۆنتڕۆڵی زێڕ ده‌كات.
به‌كر بۆ "وشه" گوتی، ئێسته هیچ ئامارێكی هاورده‌كردن بۆ لای ئێمه ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو ته‌نیا لای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی گومرگ بوونی هه‌یه و پێشتر بۆ ئێمه‌یان ده‌نارد، به‌ڵام ئێسته ناینێرن. "وشه" پێوه‌ندی به ساماڵ عه‌بدوڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌ڵام ژماره‌كه‌ی به‌رده‌ست نه‌بوو و پێوه‌ندی بۆ نه‌ده‌ڕۆیشت.
هه‌ڵوێستی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی
له‌باره‌ی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی باجی گومرگی هاورده‌كردنی زێڕ له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌كه ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه گومرگ ئێسته له‌لایه‌ن به‌غداوه ڕێك ده‌خرێت و ئه‌وان پێناسی گومرگی بۆ هه‌ر كاڵایه‌ك داده‌نێن.
تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، پێناسی گومرگی دوای كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان، له‌لایه‌ن به‌غداوه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و ئه‌و ئاگاداری ژماره و ورده‌كارییه‌كانی نییه، به‌ڵام به گشتی باجی گومرگی له هه‌موو عێراق ڕێك ده‌خرێت.